رێکخراوى (CPT): جگە لە مانگرتن دەستگیرکراوانى بادینان بەچەند شێوازێک سزا دەدرێن

KNN : Kurdish News Network
03:29 - 14/09/2021
کوردستان
+
-

رێکخراوى (CPT)ى رایدەگەیەنێت؛ سەرجەم دەستگیرکراوان بادینان مانگرتیان راگەیاندووە، دەشڵێت: هەر چالاکییەک  لەلایەن چالاکوانان و بەرگریکارانى مافى مرۆڤەوە لە دەرەوە بۆ پشتیوانى ئەوان ئەنجام بدرێت، دەستگیرکراوان لە ناو زیندان سزادەدرێن.

کامەران مەلا عوسمان، ئەندامى تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوى (CPT)ى رایگەیاند:  ئەمڕۆ سێشەممە، شێروان شێروانی پەیوەندی تەلەفونى بە رێکخراوەکەمانەوە کرد و پێى راگەیاندین کە لە دوشەممەى رابردوەوە، تەواوی زیندانیانی بادینان لە مانگرتندان و بەشێکیان تەنانەت ئاویش ناخۆنەوە.

وتیشى: شێروان داوای چالاکی مەدەنی دەکات لەدەرەوەی زیندان بۆ پشتیوانی کردن لە زیندانیانی بادینان.

لەبارەى دۆخى تەندروستى زیندانیانەوە، کامەران مەلا عوسمان باسى لەوەکرد، بەپێى وتەى شێروان شێروانى سەرجەم زیندانیان کە ژمارەیان (81) کەسە، بەشێکیان تەنانەت مانیان لە ئاوخواردنەوەش گرتووە و دۆخى تەندروستى بەشێکیان خراپە.

ئەندامەکەى رێکخراوى (CPT)ى ئاشکرایکرد، هەرکاتێک لە دەرەوە چالاکوانان و بەرگریکارانى مافەکانى مرۆڤ بۆ پشتیوانى کردن لە دۆسێى دەستگیرکراوانى بادینان چالاکى ئەنجام دەدەن، دەستگیرکراوان لە ناو زیندان سزاى جۆراو جۆر دەدرێن لە وانە ( سەرتاشین و لەیەکترى جیاکردنەوە وکوژارندنەوەى ئامێرى فێنکردنەوە و رێگە نادەن بە تەلەفونکردن لەگەڵ خانەوتدەکانیان)، ئەوەش بەپێى قسەى شێروان شێراونى کە بە رێکخراوەکەى وتووە.

زیاتر لە ساڵێکە، ژماره‌یه‌ك له‌ رۆژنامه‌نوس و چالاكوانانی بادینان به‌تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی خۆپیشاندان و تێكدانی ئاسایشی كۆمه‌ڵگه‌، له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سنوری پارێزگای دهۆك ده‌ستگیركران، پێنج لە دەستگیرکراوانیش بە شەش ساڵ زیندانیکردن لەلایەن دادگاوە سزادراون.

326 جار خوێندراوەتەوە