رۆژی جیهانیی دانیشتوان

KNN : Kurdish News Network
09:09 - 11/07/2021
هەمەڕەنگ
+
-

ژمارەی دانیشتوانی وڵاتانی جیهان ساڵ لەدوای ساڵ لەهەڵكشاندایە، لەگەڵ ئەو زیادبونەشدا گرفت و پێداویستی و چەندین بابەتی دیكەی پەیوەندیدار بە دانیشتوانەوە لە زیادبوندا دەبێت، گرنگی ئەو بابەتەش وای لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، (11)ی تەموز وەك رۆژی جیهانی دانیشتوان دیاری بكات.

رۆژەكە لەساڵی (1989)وە دەستنیشانكراوە، هۆكاری دیاریكردنی (11)ى تەموزیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەو رۆژەدا و لە ساڵی (1987)دا ژمارەی دانیشتوانی جیهان (5) ملیاری كەسی تێپەڕاند، ئەمە جگە لەوەی بابەتی دانیشتوان بەلای نەتەوە یەكگرتووەكانەوە زۆر گرنگە و بۆ ئەوەی هەمووان هۆشیاری زیاتریان لەبارەیەوە هەبێت لەگەڵ دیاركردنی كێشە و گرفتەكانی ئەو بابەتە و رێگا چارەسەری كێشەكان.

لەیەكەم یادكردنەوەی رۆژەكەدا لە ساڵی (1990)، زیاتر لە (90) وڵات یادیان كردەوە و چەندین چالاكی جۆراوجۆریان ئەنجامدا، لەو كاتەشەوە بەشێوەیەكی فراوان و لەسەر ئاستێكی بەرز و هەر ساڵەی لەژێر ناونیشانێكدا، یادی رۆژی جیهانی دانیشتوان دەكرێتەوە، خودی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانیش گرنگییەكی زۆر بە رۆژەكە دەدات.

بۆ یادکردنەوەى ئەمساڵ نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لەوە كردووە، ئەوە بۆ دووەم ساڵە لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا یادی رۆژی جیهانی دانیشتوان دەكرێتەوە، كە زیانی بە سیستمی تەندروستی و چاودێری دانیشتوانی جیهان گەیاندووە، لەچەندین بوار و ڕووی جیاوازەوە ڤایرۆسەكە كاریگەری لەسەر دانیشتوان دروستكرد و چەندین كەس كاریان لەدەستدا.

 رێكخراوەكە ئاماژەى بەوەش كردووە ژمارەی دانیشتوان سەدان هەزاری ساڵَی ویستووە تا گەشتووە بە یەك ملیار كەس، بەڵام تەنها لە (200) ساڵدا حەوت هێندە زیادی كرد و لە ساڵی (2011)، حەوت ملیار كەسی تێپەڕاند، لەئێستاشدا ژمارەی دانیشتوان بە زیاتر لە حەوت ملیار و (900) ملیۆن كەس دەخەمڵێنرێت.

پێشبینی دەكرێت بۆ ساڵی (2030) ژمارەكە (8.5) ملیار تێپەڕێنێت و لە (2050) بگاتە نۆ ملیار و نیو، تا ساڵی (2100)یش (11) ملیار كەس تێپەڕێنێت، ئەوەش پێمان دەڵێت ژمارەكان لە زیادبونێكی بەردەوام و خێرادایە.

ئەو زیادبونە لەڕێژەی دانیشتواندا دەبێتە هۆی زیادبونی كێشە و گرفتەكان لەگەڵیدا بەتایبەت لە وڵاتە دواكەوتووەكان كەڕێژەی برسێتی لە بەروزبونەوەدایە و بەشێكی دانییشتوان خوۆراكی پێویستیان دەست ناكەوێت، هەروەها كێشەی كەم ئاوی و نەبونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەو زیاد بونە كێشەی ژینگەی بۆ زەوی دروست دەكات بەو پێیەی تا ژمارەی دانیشتوان زیاتر بێت رێژەی بەكارهێنانی چەندین ماددە زیان بەخشەكان بۆ ژینگە زیاتر دەبێت و ژمارەیەكی زیاتر لە كارگە و ئۆتۆمبیل و سوتەمەنی بەكاردەبەن كە ئەمانەش بەزیانی ژینگە دەشكێنەوە، لەگەڵ چەندین كێشە و گرفتی دیكە كار لەسەر دانیشتوانی جیهان دروست دەكات.

1472 جار خوێندراوەتەوە