جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى
سلێمانى رایدەگەینێت، تا ئێستا زیاتر لە (39) هەزار هاوڵاتى ڤاکسینى کۆرۆنایان لە
سنورى پارێزگاى سلێمانى بەکارهێناوە، دەشڵێت: لە هەفتەی داهاتووەوە زۆربەی بنکەکان پڕدەکرێن
لە ڤاکسین بۆ ئەوەی رێژەى پێدانى ڤاکسین زیادبکات.
د.هێرش سەید سەلیم جێگرى بەڕێوەبەرى
گشتى تەندروستى سلێمانى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەشى کوردى دەنگى ئەمەریکا رایگەیاند، تا ئێستا لە
سنوری پارێزگای سلێمانی (39) هەزار و (294) کەس بە ڤاکسینى کۆرۆنا خۆی کوتاوە.
وتیشى؛ ئێستا بڕێکى
زۆر باش ڤاکسینى کۆرۆنامان بەدەستگەیشتوە و بەنیازین لە هەفتەی داهاتووەوە
زۆربەی بنکەکان پڕبکەینەوە لە ڤاکسین بۆ ئەوەی هاوڵاتیان زۆر چاوەڕێ نەکەن، ئەگەر
ناویشیان پڕکردبێتەوە لە ئەپلیکەیشنەکان بتوانن بچن سەردانی شوێنەکان بکەن.
لەبارەى دەنگۆى بڵاوبونەوەى نەخۆشى
کەڕوى رەش و هۆکار و مەترسیەکانى تەشەنەسەندنى، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى
سلێمانى دەڵێت: خۆی لەخۆیدا کەڕووی ڕەش مەترسیدارە؛ مەترسیەکەی لەوەدایە گیانلەدەستدانی
دەگاتە (50%)، بۆیە بۆ ئەو کەسە مەترسیدارە کە تووشدەبێت ئەگەرنا خودی نەخۆشیەکە ئەوەندە
مەترسیدار نییە و هێندەش پەیوەندیدار نییە بە زۆربەی نەخۆشیەکانەوە و دەگمەنیشە، لەبەرئەوە
پێویست بە ترس و دڵەڕاوکێ ناکات".
507 جار خوێندراوەتەوە