دواین زانیارى لەبارەى وادەى ناردنى بەشە بودجەى هەرێم لەلایەن عێراقەوە

KNN : Kurdish News Network
08:22 - 07/06/2021
کوردستان

ئەندامێکى شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێم ووردەکارى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆیان لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق ئاشکرا دەکات و وداەى ناردنى بەشە بودجەى هەرێمیش ئاشکرا دەکات.

خالید شوانى، ئەندامى شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێم بە (KNN) ى راگەیاند، لەمیانى سەردانەکەیاندا بۆ بەغدا لیژنەى تەکنیکى هەرێم ولیژنەى تەکنیکى وەزارەتى دارایى عێراق کۆبونەوە، هاوکات شاندە سەرەکیەکەش لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق کۆبونەوە.
سەبارەت بە ووردەکارى کۆبونەوەکەش، خالید شوانى رایگەیاند، تەواوى ئەو ئەرکانەى کە پێویستە حکومەتى هەرێم بەپێى مادەى (11) یاساى بودجەى عێراق بۆساڵى (2021) جێبەجێ بکات، لە چوارچێوەى راسپاردەیەکدا پێشکەشى لایەنى عێراقیمان کرد کە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە.

رونیشیکردەوە، قۆناغى یەکەم بریتیە لە وردبینى کردنى داهاتو و خەرجى هەرێم لەلایەن چاودێرى دارایى عێراقەوە، لەئێستادا لیژنەیەکى چاودێرى دارایى عێراق لە هەولێرن و وردبینى خەرجى و داهات دەکەن، قۆناغى دووەمیش بریتیە لە رادەستکردنى داهاتى نەوت ئاشکراکردنى خەرجى و داهاتى نەوت ئەوەشیان جێبەجێ کراوە، قۆناغى سێیەمیش بریتیە لەبابەتى قەرزەکان کە لەئێستادا بانکى بارزگانى عیراق (T.B.I) کارى لەسەر دەکات.

راشیگەیاند، لەکۆبونەوەى داهاتوشیاندا لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق، بڕیارى یەکلاکەرەوە لەسەر بابەتى پشکى هەرێم دەدرێت، چاوەڕوان دەکرێت ئەم مانگە لەگەڵ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەرانى عێراقدا، حکومەتى  فیدراڵى پشکى هەرێم لە بودجەى ئەمساڵى عێراق رەوانە بکات.

بڕیار نامیق – (KNN)

4560 جار خوێندراوەتەوە