سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:02 - 04/05/2021
کوردستان
+
-

بۆ ئەنجامدانى کۆبونەوە لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ئەمڕۆ سەرۆکى هەرێمى کوردستان دەگاتە سلێمانى.

لەچوارچێوەى کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا، بڕیارە کاتژمێر (11) سەر لەبەیانى ئەمرۆ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و جێگرەکانى بگەنە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان و لەگەڵ عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕاندا کۆببنەوە.

بڕیارە هەر لەچوارچێوەى سەردانەکەیدا بۆ سلێمانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیشدا کۆببێتەوە.

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ سلێمانى و کۆبونەوەى لەگەڵ بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە کاتێکدایە، کە دوێنێ لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکى کۆمەڵی دادگەریی کوردستان و ئەمیندارى یەکگرتووی ئیسلامیدا کۆبوەوە

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، لەو کۆبونەوانەدا بارودۆخ و پرۆسه‌ى سياسيى هه‌رێمى كوردستان، پرسى ئاماده‌كردنى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ تاوتوێ كراون.

 

ئەم سەردانەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ لاى لایەنە سیاسییەکان دواى ئەوە دێت کە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراقیش بەهەمان شێوە سەردانى لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانى کرد، بەپێى زانیارییەکان ئەم جموجۆڵە سیاسیەى سەرۆک کۆمار و سەرۆکى هەرێم بە ئامانجى دروستکردنى یەکریزى و کۆدەنگیە لەنێوان لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستاندا.

385 جار خوێندراوەتەوە