ڕۆژی (8)ی مارس بۆ ژنانی هەرێمی كوردستان جیاوازە لە وڵاتانی دیكە، بەتایبەت
ئەوانەی پێشكەوتوون و ژنان بە بەشێكی مافەكانیان گەشتوون، لەم ڕۆژەدا خانمان زیاتر
چالاكی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، داوای دەستەبەركردنی زیاتری مافەكانیان
و پاراستیان لە توندوتیژی دەكەن.
توندوتیژی بە
سەرجەم جۆرەكانییەوە، ئەو مۆتەكەیەیە كە بەرۆكی بەشێكی زۆری ژنانی گرتووە، لە هەرێمی
كوردستان هەرچەندە چەندین ڕێوشوێن بۆ ڕێگری گیراونەتەبەر، بەڵام هێشتا دۆخەكە لەئاستی
چاوەڕوانیدا نییە و توندوتیژیی بەردەوامە و لە ئاستێكی بەرزدایە، بەجۆرێك ساڵانە چەندین
حاڵەتی كوشتن، لێدان و دەستدرێژی تۆمار دەكرێن.
یاسای بەرەنگاربونەوەی
توندوتیژی خێزان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی روبەڕوبونەوە بونیان هەیە، بەڵام هێشتا
چالاكانی بوارەكە ڕازی بە دۆخەکە رازی نین، بەتایبەت لە ڕووی جێبەجێكردنی یاسا بەسەر
ئەوانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
بەپێی ئامارەكانی
ئەنجومەنی باڵای خانمان لەنێوان ساڵی 2010 بۆ 2017، 807 ژن كوژراون یاخود خۆیان
كوشتووە، ئەمە جگە لە تۆماركردنی چەندین حاڵەتی دیكەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان.
چالاكانی مافەكانی
ژنان هەبوونی یاسای باش و بەهێز و جێبەجێكردنی بەسەر ئەوكەسانەی توندوتیژی ئەنجام
دەدەن، بە گرنگترین كار دەزانن بۆ ڕوبەڕووبونەوەی ئەو دیاردەیە، ئەمە جگە لەوەی پێویستە
بەرنامەی چڕوپڕ دابنرێت بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاریی تاك بۆ ئەنجامنەدانی توندوتیژی
و ڕوونكردنەوەی مەترسییەكانی.
هەروەها بەرزكردنەوەی
ئاستی هۆشیاریی ژنان و ئاشناكردنیان بە مافەكانیان و بەو یاسایەی، كە پارێزگارییان
لێدەكات بۆئەوەی لەكاتی پێویستدا پەنای بۆ ببەن.
لەلایەكی دیكەوە
پێویستە بایەخ بە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بدرێت و پشتیوانی كارەكانیان بكرێت
بۆ ئەنجامدانی چالاكیی بەردەوام لەو بوارەدا، هەروەها بایەخپێدان لەڕووی میدیاییەوە،
لەگەڵ ئەوانەشدا دۆخی پەروەردەو باری ئابوریی باشتر بكرێن، چونكە كاریگەریی ڕاستەوخۆیان
لەسەر ڕێژەی توندوتیژی هەیە.
345 جار خوێندراوەتەوە