لەدەستپێکى
وەزرى نوێى یاسادانانى پەرلەمانى کوردستاندا، فراکسیۆنى گۆڕان داواى کاراترکردنى
پەرلەمان دەکات، ئەولەیەتى کارەکانیشان لەم وەرزەى یاساداناندا ئاشکرا دەکات،
هەروەها جەختیش لە پێویستى پەسەندکردنى پرۆژە یاساى بودجە و یاسای داواکاری گشتی و
ئەنجومەنی دادوەری دەکاتەوە ئەوەش لەپێناو
سەروەربونی یاسا و پاراستنی مافی ئازادییە گشتیەکان، بەتایبەت ئازادیی ڕادەربەڕین،
هەروەها داواى دروستکردنى سندوقى کوردستان
بۆ داهاتە نەوتییەکان و دامەزراندنى دەستەى دانوستانکارى نێوان هەرێم وحکومەتى عێراق دەکات.
دەقى وتاری
فراکسیۆنی گۆڕان بۆ دەستپێکی وەرزی بەھارەی ساڵی سێیەمی خولی پێنجەمی پەرلەمان
بەناوی خوای گەورە
و میهرەبان
ئێمە لە فراکسێونی گۆڕان داوای کاراتر
کردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین بە بەشداری سەرجەم فراکسیۆنە بەڕێزەکانی پەرلەمان
لە پێناو نەخشەڕێگایەکی نیشتیمانی بۆ کاراکردنی ئەو یاسایانەی کە ڕۆڵیان ھەیە لە خۆشگوزەرانی
و پەرەپێدانی ژیانی خەڵک وپرۆسەی سیاسی وەک ئەنجومەنی ڕاژە و یاسای بەدەستھێنانی
زانیاری .
لەسەر بنەمای بەرنامەی هەڵبژاردن و کارنامەی فراکسیۆنی گۆڕان.
ئەولەویەتی کارکردنمان بۆ ئەم وەرزەی یاسادانان بریتی دەبێت لە :
* چارەسەرو بەدواداچونی کێشەکانی خەڵکی
کوردستان بەتایبەت مەسەلەی موچە و بژێوی خەڵکی کوردستان
* دەرچواندنی ئەو یاسایانەی کە دەبنە هۆی
شەفافکردنی داهات و بە نیشتیمانی کردنی هێزە چەکدارەکان
* بایەخدان
بە کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی و وەبەرهێنان و بەگژداچونەوەی گەندەڵی.
* بە دامەزراوەکردنی پەیوەندیەکانی هەرێم.
* چاکسازی گشتگیرو هەمەلایەنە لەبواری (ئابوری،
سەربازی ، یاسایی،کارگێڕی)
*پاراستنی فەرھەنگ و زمانی کوردی و فەراهەمکردنی
مافی ئازادی ڕادەربڕین و سەروەری یاسا. لەم پێناوەدا لەم وەرزە نوێیەی کاری پەرلەماندا
کاردەکەین بۆ پەسەند کردنی ئەم پڕۆژە یاسایانە:-
1 :- پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەشێوازێک
کە دەستەبەری شەفافیەت بکات لەداهاتی ناوخۆ و نەوت و خاڵە سنوریەکان، هەروەها چۆنیەتی
خەرجیەکان و دەستەبەرکردنی موچەی موچەخۆران بەموچە نەدراوەکانیشەوە و کۆتایهێنان بە
لێبڕینی موچە.
2 :- هەمواری یاسای خانەنشینی هێزەکانی ئاسایشی
ناوخۆ و هەوڵدان بۆ یەکخستنەوە و بەدامەزراوەکردنی هێزە چەکدارەکان.
3 :- یاسای داواکاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری
لەپێناو سەروەربونی یاسا و پاراستنی مافی ئازادییە گشتیەکان، بەتایبەت ئازادیی ڕادەربەڕین.
4 :- هەمواری یاسای وەبەرهێنان لە کوردستان
بەمەبەستی سودمەندبونی خەڵکی کەم دەرامەت و بەگژداچونەوەی گەندەڵی و داگیرکاری کە
لەم بوارەدا ڕێژەکەی زۆرە.
5 :- پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە یاساییانەی کە
بۆ دەستە سەربەخۆکان ( مافی مرۆڤ ، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دیوانی چاودێری
دارایی، دەستەی دەستپاکی) لە پێناو بەهێزکردنی ڕۆڵی چاودێری پەڕلەمان.
6 :- گوشار خستنە سەر حوکمەتی هەرێمی
کوردستان بۆ دروستکردنی (سندوقی کوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازیەکان) لەپێناو جێبەجێکردنی
یاساکانی پەڕلەمانی کوردستان و شەفافیەت لە
داهاتی نەوتدا.
7 :- دروستکردنی ( دەستەی دانوستانکار لەنێوان
هەرێم و بەغداد) لە پێناو بەدامەزراوەیی کردنی گفتوگۆکان و مەرجەعی بونی پەڕلەمانی
کوردستان وەک لە کارنامەی حوکمەت و ڕێککەوتنەکاندا هاتوە .
8-پەسەندکردنی یاسایەک بۆ پاراستنی بەرھەمە
ناوخۆییەکان.
-لەکۆتاییدا
داوا دەکەین پەڕلەمانی کوردستان هاوکات لەگەڵ دەرچواندن و پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایانەدا
ئەولەویەتی پەرلەمانی کوردستان ( نوسینەوەو پەسەندکردنی دەستور و هەمواری ئەو یاسایەنە بێت کە هەڵگری ڕەهەندی نیشتیمانین).
405 جار خوێندراوەتەوە