لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا چەند بڕیارێکى نوێ دەردەکات

KNN : Kurdish News Network
09:33 - 01/03/2021
کوردستان
+
-

ئامارەکانى کرۆنا لە (48) کاتژمێرى رابردوو لە هەرێم بە شێوەیەکى چاوەڕواننەکراو هەڵکشاون، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ دەرکردنى کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایى نوێ، سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتى تەندروستى ئەوەى بە دیجیتاڵ میدیاى(KNN)ووت، بریکارى وەزارەتى تەندروستیش داخستنى دەرگاى قوتابخانەکان بە ئەگەرێکى بەهێز دەزانێت.

بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممە کاتژمێر (02:30) خولەک، لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا لە هەرێم، کۆببێتەوە، سەرچاوەیەکى باڵا لە وەزارەتى تەندروستى لە بارەى کۆبونەوەکەوە بە دیجیتاڵ میدیاى(KNN)ى راگەیاند: بە بەشدارى پارێزگارەکان لیژنەى باڵاى روبەڕوبونەوەى کۆرۆنا کۆدەبێتەوە، کۆمەڵێک ریکارى پێویست بۆ ئەم قۆناغە دەگرینەبەر.

وتیشى: ئامارەکانى کۆرۆنا لە ماوەى (48) کاتژمێرى رابردودا زۆر هەڵکشاوە، ئەوەش پێمان دەڵێت هەفتەى و مانگى رابردوو وەک ئێستا نیە و کۆرۆنا بەرزبۆتەوە، بۆیە پاڵپشت بەو ئامارانە کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایى نوێ دەردەکەین و هەندێ سزا دادەنێین.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد، پێناچێت لە کۆبونەوەى ئەمجارەدا بڕیار لە بارەى قەدەغەى هاتوچۆ و داخستنى پڕۆسەى خوێندن بدرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە کۆمەڵێک رێکار و بڕیارى نوێ دەگرێتەبەر، چونکە ئێستا مانگى سێیە و مانگى بۆنەکانە بۆیە دەبێت سنوردار بکرێت.

باسى لەوەشکرد، ئاماژەکان دڵخۆشکەر نین، چونکە لە دوو هەفتە و مانگى رابردوو ئەگەر لە رۆژێکدا (40) توشبوى کۆرۆنا تۆمار کرابێت، ئێستا بەرزبۆتەوە بۆ (300).

ئەو سەرچاوەیە جەختیشى کردەوە، بەپێى ئامارەکان بڕیار لەسەر هەنگاوەکانى داهاتوو دەدرێت، تا ئامارەکان بەرزببنەوە، بڕیارەکان توندتر دەبن.

لاى خۆیەوە، د.رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند چوارەم هەفتەیە پرۆسەی  خوێندن دەستیپێكردوەتەوەو دۆخی توشبون بەكۆرۆنا لەناوەندەكانی خوێندن لە پەروەردەو زانكۆكان زیادیكردوە، بۆیە ئەگەرێكی زۆر هەیە لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا بڕیار بدات بۆ ماوەیەكی كاتی دەرگای خوێندنگەو زانكۆكان دابخرێنەوە.

 

سلێمانى/ بڕیار نامیق

6323 جار خوێندراوەتەوە