ئەندامێکى فراکسیۆنى
گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ قەبارەى قاچاخچێتى و گەندەڵى و بەهەدەردان
لە خاڵە سنورییەکان نزیک دەبێتەوە لە (200) ملیۆن دۆلار، دەشڵێت: ئەگەر داهاتەکان
رێکبخرێنەوە کێشەى موچە بەشێوەیەکى باش چارەسەر دەبێت.
دواى ئەوەى بەرێوەبەرایەتی
کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ سکاڵای لە دژی هەریەک لە پەرلەمانتاران (عەلی
حەمەساڵح و دابان محەمەد) تۆمارکردووە و تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ، کە باسیان لەوە
کردوە "چەندین بارهەڵگری قاچاخ بێ گومرگکردن هاوردەدەکرێت"، دابان محەمەد
بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى
راگەیاند: لە پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەماندا ئەوە نەهاتووە کە پەرلەمانتار لەسەر نوسینى
پۆستێک پارێزبەندى لەسەر هەڵبگیرێت، بەڵام ئێمە پارێزبەندى هەڵدەگرین و بە بەڵگە
و دیکیۆمێنتەوە ئامادەى بەردەم دادگاین.
وتیشى: لەماوەى
رابردودا خۆمان کۆى دۆسیەى خاڵە سنورییەکانمان داوە بە داواکارى گشتى و لە ماوەى شەش
مانگى رابردوشدا هەوڵمانداوە دام و دەزگاى یاساى لەسەر کۆى کارى قاچاخچێتى ئەم وڵاتە
بێدە دەنگ و چەند جاریکیش داواى دانیشتنى پەرلەمانمان کردوە .
ئاشکرایکرد، دەچینە بەردەم
دادگا و ئەو بەڵگە و دیکیۆمێنت و زانیارییانەى لەبەردەستمانە بە ڤیدیۆ بە دەنگ بە
هەموو شێوەیەک تەنانەت شاهێدمان هەیە و ئامادەن بێن بۆ دادگا شاهێدى بدات کە کارى
قاچاخى هەیە و دەیان ملیۆن دۆلار بەهەدەر دەدرێ، بۆیە ئێمە هیچ لاریمان نیە و خۆمان
داوامان کردوە بۆ هەڵگرتنى پارێزبەندى، بەڵام هیوادارم ئەوە نیەتێک نەبێت کە پەرلەمانتارى
دیکەى پێ بترسێنرێت و لەسەر سکاڵایەکى بچوک پارێزبەندى لەسەر هەڵبگیرێ.
ئەو باسى لەوەشکرد،
قاچاخچێتى تەنها لەیەک مەرز و دوان نیە، بەڵکو کۆى مەرزەکان تێوەگلاون لەو کارە و
بەڵگە لەسەر کۆى مەرزەکان هەیە لە برایم خەلیلەوە تا پەروێزخان و بەڵگەکان وردن، لە
دادگا ئامادەن کۆى بەڵگەکان بخەنەڕو بەوەى لە چ رؤژێک ئەنجام دراوە ئەو کەل و
پەلە چى بوە کە هێنراوە یان رەوانە کراوە، ژمارەى ئۆتۆمبێل، تەنانەت ئەو شوێنانەشى
لە ناو بازاڕ و بازاڕى دۆلارەکە و پێشەنگاى ئۆتۆمبێلەکان بە ئاشکرا نوسینگەى
قاچاخچێتیان داناوە.
دابان محەمەد ئاماژەى
بەوەشکرد، قەبارەى گەندەڵى و قاچاخچێتى و بەهەدەردان لە خاڵە سنورییەکان لە نێوان
(150 بۆ 170) ملیۆن دۆلارە، بۆیە ئێستاش درەنگ نیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنى خاڵە سنورییەکان
و بەرزکردنەوەى داهات.
جەختیش دەکاتەوە، لە پێش
کۆرۆنا داهاتى خاڵە سنورییەکان و داهاتى ناوخۆ نزیک بۆتەوە لە (380) ملیار دینار،
ئەوەش لە داهاتى نەوت زیاتر بووە، کەواتا بە گێرانەوەى داهاتى خاڵە سنورییەکان و
ناوخۆ و نەوت تا ڕادەیەکى زۆر کێشەى موچە چارەسەر دەبێت.
447 جار خوێندراوەتەوە