بەم ڕێگایانە خۆت لە ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن بپارێزە

KNN : Kurdish News Network
11:06 - 20/11/2020
تەندروستی

ئاماری ڕێكخراوە تەندروستییەكانی جیهان دەریدەخەن، ساڵانە ملیۆنان كەس گیرۆدەی نەخۆشیی شێرپەنجەی قۆڵۆن دەبن، بەشێكی زۆری ئەو كەسانەش بەهۆی سیستمی ژیانێكی ناتەندروستەوە توشی نەخۆشییەكە بوون.

 

 
پسپۆڕانی تەندروستی دەڵێن، %10ی حاڵەتەكانی توشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن پەیوەندی بە كاری خانەكان و جیناتی كەسەكە و هۆكاری بۆماوەییەوە هەیە، بەڵام %90ی حاڵەتەكان بەهۆی سیستمی ژیانی ناتەندروستەوەیە، بۆیە بە پەیڕەوكردنی چەند ئامۆژگاریی‌و گۆڕانكاری لە سیستم و شێوازی ژیاندا دەكرێت سنورێك بۆ هەڵكشانی حاڵەتەكانی توشبوون بەو نەخۆشییە دابنرێت.

 

یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی قۆڵۆن زۆر خواردنی ئەو جۆرە گۆشتانەیە كە بەشێوەیەكی پیشەسازیی دروستكراون وەك هەمبەرگری دروستكراو بە گۆشتی دەستكرد و جۆرەكانی ناگێت و سەوسەج و سەلامی، چونكە ئەو جۆرە گۆشتانە چەندین جۆر ماددەی پارێزەر لە پێكهاتەكانیاندا هەیە كە گۆڕانكاری لە ترشی ناوەكی لەشی مرۆڤدا دروست دەكەن‌و هۆكاردەبن بۆ گەشەی خانە شێرپەنجەییەكان بە تایبەت ئەوانەی لە قۆڵۆندان.
پسپۆڕان داوا دەكەن خواردنی گۆشتی سور بە گشتی و ئەو جۆرە گۆشتە دەستكردانە بە تایبەتی كەمبكرێنەوە لەبەرامبەردا گرنگی بە خواردنی ئەو خۆراكانە بدرێت كە دەوڵەمەندن بە ماددە ڕیشاڵییەكان، بە تایبەت دانەوێڵەكانی وەك گەنم و ساوەر و قەرەخەرمان، ئەمە جگە لەوەی سەوزەكان بە گشتی سودێكی زۆر بە تەندروستی دەگەیەنن و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە كەمدەكەنەوە.

 

لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییانە لە سیستمی خۆراكدا، پێویستە گرنگییەكی زۆر بە ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكانیش بدرێت بەجۆرێك هەفتانە بۆ ماوەی 150 خولەك چالاكی و جوڵەی وەرزشی بكرێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ڕێگریكردن لە قەڵەوی كە هۆكارێكە بۆ توشبوون بە شێرپەنجەی كۆڵۆن، هەروەها بەهۆی وەرزشەوە خانەكانی لەش كارەكانی خۆیان بەشێوەیەكی ڕێكخراو ئەنجام دەدەن و ئەگەری توشبوون بە چەندین نەخۆشی و كێشەی تەندروستیی دیكە كەمدەبێتەوە.


2084 جار خوێندراوەتەوە