عەلى حەمەساڵح: قاچاخچێتى سنورەکان بە ڕێککەوتن دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
04:50 - 29/09/2020
کوردستان
+
-

پەرلەمانتارێکى فراکسیۆنى گۆڕان لەسەردۆسیەى قاچاخچێتى سەرسنورەکان ونەوت رەخنەى توند لە سەرۆکایەتى پەرلەمان دەگرێت و دەڵێت گومان دەکەم قاچاخچێتى سنورەکان ڕێککەوتنى لەسەرکرابێت.

 

لەمیانى دانیشتنى ئەمڕۆى پەرلەمانى کوردستاندا،عەلى حەمەساڵح  ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان  رایگەیاند، لەمانگى (12)ى سالى رابردودا داواى دانیشتنى پەرلەمانمان کرد لەسەر دۆسیەى  قاچاخچێتى و گەندەڵى خاڵە سنوریەکان، بەڵام دانیشتنەکە ئەنجام نەدرا، لەدواى ئەو بەروارەشەوە قەبارەى قاچاخچێتى سەرسنورەکان زیاتربووە، بەجۆریک تەنها شەوى رابردوو لەیەک خاڵى سنوریدا (300) بارهەڵگر بەقاچاخ  داخڵى هەرێم کراوە.

 

وتیشى، ماوەى پێنج مانگە داواى دانیشتنێکى تایبەت بە دۆسیەى نەوت دەکەین، لەکاتێکدا داهاتى نەوت ناڕونە و تەنها(26%) داهاتەکەى دەگەڕێتەوە بۆحکومەت.

 

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، ئەوپەرلەمانتارەى فراکسیۆنى گۆڕان رایگەیاند، پشتگوێ خستنى ئەو دۆسیانە گومانى ئەوەى لادروستکردوم کە قاچاخچێتى سنورەکان بە ڕێککەوتن دەکرێت.

 

رەخنەى توندیشى لە سەرۆکایەتى پەرلەمان گرت و رایگەیاند، کەڵەکەبونى قەیران و نەبوونى موچە دەرئەنجامى  پشتگۆى خستنى ئەو دۆسیانەیە لەلایەن پەرلەمانەوە.

801 جار خوێندراوەتەوە