کۆمسیۆنی
هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئامادەن هەڵبژاردنی پێشوەخت لەو وادەیە
ئەنجامبدەن کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران دیاریکردووە.
لە
راگەیەنراوێکدا کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق چوار مەرجی بۆ بەڕێوەچونی
هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریکردن کە ئەمانەن:
مەرجەکان:
یەکەم/
پەرلەمانی عێراق بە زوترین کات یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکاتەوە و لە
رۆژنامەیەکی فەرمی بڵاویبکاتەوە.
دووەم/
پەرلەمانی عێراق یاسای پەیوەست بە دادگای فیدراڵی تەواو بکات و پەسەندی بکات بۆ
پڕکردنەوەی ژمارەی تەواوەتی ئەندامانی دادگای باڵا کە دەتوانێت بڕیار لەسەر ئەنجامی
هەڵبژاردنەکان بدات.
سێیەم/
حکومەت بودجەی پێویست و پێداویستییەکان لە زوترین کاتدا بۆ کۆمسیۆن دابینبکات، تا
بتوانێت لە کاتی دیاریکراودا رێکارەکانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا تەواو بکات بۆ
ئەو مەبەستەش کۆمسیۆن داوا لە مستەفا کازمی دەکات کۆبونەوەیەکی تایبەتی ئەنجومەنی
وەزیران تەرخان بکات بە گفتوگۆکردن لەسەر چارەسەری ئەو کیشانەی روبەروی کارەکانی
کۆمسیۆن دەبێتەوە.
چوارەم/
کۆمسیۆن داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەکان دەکات
کە هاوکاری پێشکەش بە کۆمسیۆن بکەن و چاودێری هەڵبژاردنەکان بکەن تا هەڵبژاردنێکی
پاک و ئازاد بەڕێوەبچێت.
شەوی رابردوو مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانى عێراق، شەشی
حوزەیرانی ساڵى ٢٠٢١ی وەکو وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق دیاریکرد
1821 جار خوێندراوەتەوە