پارێزگاری سلێمانی: دۆخی کۆرۆنا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و بەرەو کۆتاییەکەی دەڕۆین

09:59 - 07/07/2020
کوردستان

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، دۆخی کۆرۆنا لە سنوری پارێزگاکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و لە دۆخێکی سروشتیدایە،دەتواین بڵێن ئێستا لە ناوەڕاستی دۆخەکەداین و بەرەو کۆتاییەکەی دەڕۆین.

 

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمریکا ڕایگەیاندوە، ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ ڕۆژانه‌ تۆمارده‌بێت ده‌توانین بڵێین ژماره‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌یه،‌ به‌ڵام له‌ پاڵ ئه‌وه‌دا ژماره‌یه‌كی تریش هه‌یه‌ كه‌ به‌ڕێگاكانی تر پشکنین دەکەن، بۆیه‌ ئه‌و ژمارانه‌ی كه‌ بۆ قوربانییه‌كان ئه‌وانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت یان بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ تووشبوونیان یاخود بۆ ئه‌وانه‌ی چاك بوونه‌ته‌وه‌، ده‌توانم بڵێم ژماره‌یه‌كی زۆرتر له‌وانه‌ هه‌ن.

 

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەڵام ئێستا ئێمه‌ به‌خۆپارێزی و هه‌ستیارییه‌كی زۆره‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی دۆخه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و كۆتاییه‌كه‌ی ده‌ڕۆین، سه‌ره‌تا ده‌ستمان پێكرد هاتوینه‌ته‌ چه‌قه‌كه‌ی ئێستا له‌ چه‌قه‌كه‌یه‌وه‌ به‌ره‌و كه‌ناره‌كان ده‌ڕۆین."

 

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاشکراشیکردوە، " ئه‌گه‌ر بتوانیین ئێمه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ گرتومانه‌ته‌به‌ر به‌رده‌وام بین وه‌ خه‌ڵك به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر خۆپارێزی هه‌روه‌ها حكومه‌ت كێشه‌ دارایی و ئابورییه‌كان چاره‌سه‌ر بكات ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ كه‌ناری ئارامی چونكه‌ ئێستا ده‌توانیین بڵێین خه‌ریكه‌ به‌رگرییه‌كی گشتی له‌سنوری پارێزگای سلێمانی دروست ده‌بێت".

 

پارێزگاری سلێمانی پێشبینی دەکات ئه‌گه‌ر به‌م پێیه‌ بڕۆین له‌دوای 10ی ئه‌م مانگه‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی تر ده‌ڕوات وه‌ ئه‌م په‌تایه‌ له‌هه‌ر شوێنێك بڵاو بوبێته‌وه‌ پێویستی به‌ كۆنتڕۆڵكردن هه‌بووه‌ به‌و ڕێگه‌ لۆژیكیانه‌ی كه‌بتوانێت له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ر، كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی توشبووانی په‌تاكه،‌ دابینكردنی بژێوی و داهات و ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك وه‌ پاراستنی ئابوری و داهاتی ده‌وڵه‌ت بپارێزێت، ئێمه‌ له‌ سلێمانی له‌سه‌ر ئه‌م سێ ته‌وه‌ره‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كارمان كردووه‌."

 

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی ئەوەشیکردوە، به‌پێی ئه‌و زانیاری و داتا و ڕاپۆرتانه‌ی تەندروستی کە رۆژانە بە دەستمان دەگات، ئەوە دەردەخات لە دوو هەفتەی ڕابردوو رۆژانە ئەگەر 100 پشکنین کرابێت 30 بۆ 35 کەس هەڵگربووە، ئەمەش پێمان دەڵێت دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئەم ژمارە توشبووە وا دەکات بەرگرییەکی گشتی دروستبێت.

 

سەبارەت بە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ،پارێزگاری سلێمانی دەڵێت" ئێمه‌ له‌ڕابردووه‌وه‌ ده‌ستمان پێكرد و ڕامانگه‌یاند به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی كه‌پێیداین له‌دوای ته‌واوبوونی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ په‌تاكه‌ به‌هێزتر ده‌ركه‌وته‌وه‌ له‌هه‌مانكاتیشدا زیانێكی گه‌وره‌ به‌ر كارو كه‌سابه‌تی خه‌ڵك كه‌وت، وه‌ زیانێكی گه‌وره‌ش به‌ر ئابووری ده‌وڵه‌ت كه‌وت، بۆیه‌ ئێمه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌مان كردووه‌ و پێمان وایه‌ قەدەغەی هاتوچۆ ئه‌نجامێكی سه‌ركه‌وتووی نابێت"

3944 جار خوێندراوەتەوە