حکومەتى ویفاقى لیبیا بە سەرۆکایەتى فایزسەراج کۆنترۆڵکردنەوەى تەواوى
سنورەکانى تەرابلوسى راگەیاند و ئەردۆغان بەڵێنى هاوکاری زیاترى بە سەراج لە دژى
خەلیفە حەفتەر داوە.
میدیا نێوخۆییەکان لیبیا بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ هەینى دانیشتوانى تەرابلوسى
پایتەختى لیبیا بۆ دەربڕینى پشتیوانیکردنى حکومەتەکەى سەراج و بە بۆنەى
کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەواوى شارەکە لە دەست چەکدارەکانى خەلیفە حەفتەر، رژاونەتە سەر
شەقامەکان و ئاهەنگیان گێڕاوە.
سوپاى لیبیا سەرکەوتنى بەسەر هێزەکانى حەفتەردا راگەیاند و ئاماژەى
بەوەکردووە، لە دواى نزیکەى (14) مانگ لە هێرشى هێزەکانى حەفتەر بۆسەر تەرابلوسى
پایتەخت و کۆنتڕۆڵکردنى بەشێکى زۆر لە شارەکە لەلایەن ئەو هێزانەوە، دوێنێ سوپاى
فەرمى حکومەتى ویفاقى لیبیا کە لەژێر فەرمانى فایز سەراجى سەرۆکوەزیراندایە،
توانیویانە هێزەکانى حەفتەر لە سنورى پایتەخت بکەنە دەرەوە و تەواوى شارەکە
کۆنترۆڵ بکەنەوە.
لاى خۆشیەوە فایز مستەفا سەراج کە لە (8/10/2015) وە بە رێکەوتنێکى سیاسى
نێوان لایەنەکانى لیبیا بووەتە سەرۆکى حکومەتى ئەو وڵاتە رایگەیاند، لە دواین
کۆبونەوەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانى سەرۆککۆمارى تورکیا، ئەردۆغان بەڵێنى
پێداوە هەتا سەرکەوتنى تەواوەتى حکومەتى لیبیا و کۆتایهێنان بە چەکدارانى حەفتەر ئەنقەرە
هاوکار و پشتیوانى سەراج و حکومەتەکەى بێت.
هەرچى هێزەکانى حەفتەریشە هەرەشەى دووبارە هێرشکردنە سەر تەرابلوسى پایتەخت
دەکەن و ئەحمەد مسمارى وتەبێژى هێزەکانى خەلیفە حەفتەر رایگەیاند، هێزەکانیان لە
دەرەوەى سنورى تەرابلوس جێگیر کردووە و لە ئێستادا رێککەوتنى ئاگربەست لە نێوان
ئەوان و سوپاى لیبیادا هەیە، ئەگەر حکومەتى لیبیا پابەند نەبێت بەو ئاگربەستەوە
ئەوا ئامادەن جارێکى دیکە هێرشى سەربازى بکەنەوە بۆسەر تەرابلوسى پایتە ختى لیبیا.
1892 جار خوێندراوەتەوە