لەمەودوا لەرێگەى مۆبایلەکەتەوە پشکنینى کۆرۆنا بکە

KNN : Kurdish News Network
08:12 - 21/05/2020
هەمەڕەنگ
+
-

هەردوو کۆمپانیاى ئەپڵ و گۆگڵ سیستەمێکیان بۆ مۆبایلە زیرەکەکان زیاد کردووە کە دەتوانێت توشبوونى خاوەنەکەى بە کۆرۆنا ئاشکرا بکات.

کۆمپانیاکانى ئەپڵ و گۆگڵ رایانگەیاند، دواى چاوەڕوانییەکى زۆر توانیویانە سیستەمێک بۆ مۆبایلى زیرەک زیاد بکەن کە لە رێگەیەوە دەتوانرێت توشبون یان توشنەبونى کەسەکان بزانرێت، ئەوەش بۆ کەمکردنەوەى ئەو فشارەیە کە خەڵکى بەمەبەستى پشکنینى کۆرۆنا لەسەر نەخۆشخانەکان دروستیانکردووە.

لەبارەى وردەکارى ئەو سیستەمەوە ئاماژە بەوەکراوە، پرۆگرامەکە جگە لەوەى توشبوونى کەسەکە ئاشکرا دەکات، لەرێگەى بلوتوسەوە ئاگادارییەک دەدات بە خاوەنەکەى لەکاتى نزیک بوونەوەى کەسێک کە توشبووى کۆرۆنا بێت و هەمان پرۆگرامى لە مۆبایلەکەیدا هەبێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، زۆربەى حکومەتەکانى وڵاتان هەوڵیانداوە لە ڕێگەى تەکنیکێکى زیرەکەوە لە مۆبایلەکاندا رێگە لە بڵاوبوونەوەى زیاترى کۆرۆنا بگرن، بەڵام زۆربەى کێشە هونەرى و تەکنیکییەکان لەو مۆبایلانەدا بوون کە بە سیستەمى ئەندرۆید کاردەکەن و لەئێستادا هەردوو کۆمپانیاى ناوبراو ئەو کێشانەیان چارەسەرکردووە و ئەو پرۆژەیەیان راگەیاندووە.

3263 جار خوێندراوەتەوە