ڕەمەزانی سەردەمی كۆرۆنا... بەم شێوەیە ڕوبەڕوی قەڵەوی بەرەوە و بەرگری لەشت بەهێز بكە

KNN : Kurdish News Network
09:15 - 21/04/2020
تەندروستی
+
-

ڕەمەزانی ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵانی ڕابردوو، بەو پێیەی دەكەوێتە سەردەمی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە، بێگومان ئەوەش كاریگەری لەسەر ڕۆژووەوانان و خووەكانیان لەم مانگەدا دەبێت.

 

 
لەساڵانی ڕابردوودا ئەو كەسانی بەڕۆژوو دەبوون بەدوای ئەو خۆراكانەدا دەگەڕان كە تینوێتی و برسێتی كەمدەكاتەوە، زۆرینەش پشتیان بەو خۆراكانە دەبەست كە وزەیەكی زیاتر بە لەش دەبەخشن، لەهەمان كاتیشدا نابێتە هۆی زیادبونی كێشی لەش، كە یەكێكە لەو گرفتانەی ڕوبەڕوی بەشێكی ئەو كەسانە دەبێتەوە كە لەو مانگەدا بەڕۆژوو دەبن.

 

ئەوەی ڕەمەزانی ئەمساڵ لە ساڵانی ڕابردوو جیادەكاتەوە، كەمجوڵەیی و مانەوەیە لەماڵەوە بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئەوەش دەبێتە ئاڵەنگارییەكی جدی و نوێ كە ڕوبەڕوی ڕۆژووەوان دەبێتەوە.

 

نەبونی كۆبونەوە خێزانییەكان لە ڕەمەزاندا بە سود بەسەر ئەو كەسانەدا دەشكێتەوە كە بەڕۆژوو دەبن، چونكە لە سیستمی خۆراكیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداو لەكاتی بونی میوان و كۆبونەوە خێزانییەكان زیاتر گرنگی بە ئامادەكردنی خۆراكە چەور و ناتەندروستەكان دەدرێت، لەبەرامبەردا كەمترین جۆری خواردنی بەسود و پڕ ڤیتامین لەسەر سفرەكان دادەنرێت.

 

دەكرێت مانگی ڕەمەزان هەلێك بێت بۆ ڕاستكردنەوەی سیستمی خۆراكی و گرنگیدان بە خۆراكە بەسودو تەندروستەكان، ئەوەش كاریگەری لەسەر كێشی لەش و سیستمی بەرگری و چەند حاڵەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بە تەندروستی لەشەوە دەبێت.
لەگەڵ ئەو سودانەشدا، جیاوازی ڕەمەزانی ئەمساڵ كاریگەرییەكی خراپیشی هەیە، یەكێك لەوانە خواردنی چەند جۆرێكی خۆراكە لەنێوان دوو ژەمە سەرەكییەكەی بەربانگ و پارشێودا، بەو پێیەی زۆر كەس بەهۆی مانەوەیان لەماڵەوە لە دۆخێكی دەرونی خراپدان و زۆرینەی كاتەكانیان بە دانیشتن و خواردن بەسەر دەبەن.

 

سەبارەت بە تینوێتی لەم مانگ و دۆخە تایبەتەدا پسپۆڕان ڕێنمایی تایبەتیان هەیە و ئامۆژگاری ڕۆژووەوانان دەكەن لەنێوان بەربانگ و پارشێو بڕێكی زۆر ئاو بخۆنەوە، هەروەها گرنگی بەو خۆراكانە بدرێت كە پارێزگاری لەشێداری جەستە دەكەن بە تایبەت سەوزە و میوە، ئەمە جگە لە گرنگیدان بە خواردنی شیر، ماست، شۆربا، زەڵاتە.

 

بەهێزكردنی سیستمی بەرگری لەش بابەتێكی گرنگە بۆ ڕەمەزانی ئەمساڵ كە پێویستە بە هەند وەربگیرێت، چونكە ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەو كەسانە دەكاتە ئامانج كە ئەو سیستمەیان لاوازە.
ئەوانەی گرنگن بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش لەمانگی ڕەمەزاندا بریتین لە خواردنە دەوڵەمەندەكان بە ڤیتامینەكان و كانزای زینك، سەوزەو میوە، ماسی و شیرەمەنییەكان، هەروەها چونە بەر تیشكی خۆر، بەوەش ئەگەری توشبوون بە كۆرۆنا بەڕێژەیەكی بەرچاو كەمدەبێتەوە.

 

بابەتێكی دیكەی گرنگ كە كاریگەری لەسەر بەهێزی و لاوازی بەرگری لەش هەیە، وەرزشكردن و خەوتنە، بۆیە پێویستە كەسی ڕۆژووەوان لەم مانگەدا ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكان پشتگوێ نەخات، هەروەها كات و ماوەی خەوتنی گونجاو بێت و دووربكەوێتەوە لە دڵەڕاوكێ.

 

سەبارەت بەو ژەمانەی لە مانگی ڕەمەزاندا دەخورێن بەتایبەت ژەمی پارشێو پسپۆڕان دەڵێن "هەندێ كەس پارشێو ناكەن یان خواردنی ئەو ژەمە پێش دەخەن، بەڵام ئەو ژەمە تا درەنگتر بخورێت باشترە"، خواردنەكانیشی كەم خوێ و بێ چەوری بن، بۆ ئەوەی ڕۆژی دواتر كەمتر هەست بە تینوێتی بكرێت.

 

بەشێوەیەكی گشتی دۆخی كۆرۆنا و مانەوە لە ماڵەوە، دەبێت هانی هەمووان بدات بۆ ئەنجامدانی وەرزش و گرنگیدان بە خواردنی ئەو خۆراكانەی سودیان بۆ ڕۆژووەوان هەیە بەتایبەت (خۆراكە كەم كالۆرییەكان، هێلكە، شۆفان، گەڵا سەوزەكان، پاقلەمەنییەكان، چەرەساتی كاڵ).

 

بۆ دابەشكردنی ژەم و كاتەكانی خواردنیش باشترە لە بەربانگدا ژەمی سەرەكی بە بڕێكی كەم بخورێت، دوای سێ كاتژمێر میوە و چەرەس بخورێت، سێ كاتژمێر دواتریش ژەمی پارشێوە ئامادە بكرێت.
بەجێبەجێكردنی ئەو ڕێنماییانەی سەرەوە كەسی ڕۆژووەوان دەتوانێت پارێزگاری لە كێشی لەشی بكات، هەروەها بەرگری لەشی دژی نەخۆشییەكان بەتایبەت كۆرۆنا بەهێز بكات.

1283 جار خوێندراوەتەوە