چوالە ئەو بەرهەمە مزرەی بەهارە كە لە هەرێمی كوردستان و بەشێكی وڵاتانی جیهان، بونی هەیە و كەسانێكی زۆر حەز بە خواردنی دەكەن.
پسپۆڕانی تەندروستی چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئەنجامداوە و چەندین سودیان بۆ لەش ئاشكرا كردووە، بەجۆرێك دەركەوتووە چارەسەرە بۆ چەندین نەخۆشی و كێشەی تەندروستی.
چواڵە دەوڵەمەندە بەچەندین ماددەی دژە ئۆكسید و چەوری سود بەخش، هەروەها ڤیتامینەكانی ئەی و بی و ئێچ بەڕێژەی جیاواز لە پێكهاتەكەیدا هەیە، ئەمە جگە لە بونی كاربۆهیدرات و ماددە ڕیشاڵییەكان هەروەها خوێ كانزاییەكانی كانزاكانی وەك ئاسن و مەگنسیۆم و فسفۆڕ و كالسیۆم و چەند جۆرێكی دیكە.
بەڕای پسپۆڕەكان بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشی شەكرەیان هەیە، دەتوانن لەڕێی خواردنی چوالەوە ڕێژەی شەكری ناو خوێن دابەزێنن هەروەها خواردنی ئەو میوە وەرزییە چارەسەرێكی باشە بۆ ئەو كەسانەی هەوكردنی گورچیلەكان و بۆری میزەڕۆیان هەیە.
خواردنی ئەو بەرهەمە بەهارەیە جگەر خاوێندەكاتەوە لەژەهر و پێكهاتە زیان بەخشەكان هەروەها ئەو ڤیتامینانەی لەپێكهاتەكەیدا هەیە، ڕێگری لەوشكبوونەوەی پێست دەكات و شێدارییەكی پێ دەبەخشن ئەوەش وادەكات ڕوخسار جوانتر دەربكەوێت.
لەلایەكی دیكەوە ماددە ڕیشاڵەییەكانی پێكهاتەی چوالە، چالاكی و وزە بەجەستە دەبەخشن و چارەسەری سەر ئێشە دەكەن، هەروەها خانەكانی مێشك دەپارێزن لەكێشە تەندروستییەكان بە تایبەت ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر.
بۆ خانمانی دووگیانیش سودێكی تایبەتی هەیە و هەستی مادوێتی، دڵتێكەڵهاتن كەمدەكاتەوە، بەهۆی بونی ترشی فۆلیكیش لە پێكهاتەكەیدا، ئەگەری لەدایكبونی منداڵی كەمئەندام وكەمدەبێتەوە.
چوالە بڕێك لە چەورییە سود بەخشەكانی تێدایە كە دەبنە هۆی پاراستنی دڵ و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و خانەكانی خوێن كەمدەكەنەوە، هەروەها ڕێژەی كۆلیسترۆڵی زیان بەخش بەڕێژەی %15 دادەبەزێنێت، ئەمە جگە لەوەی هۆكارێكە بۆ تواندنەوەی چەوری لەش و ڕزگاربوون لە قەڵەوی بە تایبەت گەر دوای ژەمە سەرەكییەكان بخورێت.
3822 جار خوێندراوەتەوە