لەكاتی مانەوەت لەماڵەوە بەم شێوەیە ڤیتامین دی بە جەستەت ببەخشە

KNN : Kurdish News Network
09:34 - 12/04/2020
تەندروستی
+
-

ڤیتامین دی یەكێكە لە ڤیتامینە گرنگەكان بۆ جەستە و بە تایبەت بۆ تەندروستی ئێسكەكان و سیستمی بەرگری لەش، كەسانێكی زۆریش لە جیهاندا بەدەست گرفتی كەمی ئەو ڤیتامینەوە دەناڵێنن و بەهۆیەوە كێشەی تەندروستییان بۆ دروستبووە.

 

 
پسپۆڕان ڕایدەگەیەنن، لەشی مرۆڤ ناتوانێت بێ بونی ڤیتامین دی، كالسیۆمی پێویست هەڵمژێت كە بۆ بەهێزی ئێسكەكان پێویستە، بۆیە ئەو دوانە پێكەوە كاریگەری لەسەر تەندروستی ئێسكی كەسانی پێگەیشتوو هەروەها گەشەی منداڵان دروست دەكەن.

 

لای هەمووان ئاشكرایە ڤیتامین دی  لەبەشێكی كەمی خواردندا بونی هەیە، سەرچاوەی سەرەكی دەستكەوتنیشی بەركەوتنی تیشكی خۆرە، بەڵام لەم كاتەدا كە بەهۆی كۆرۆناوە قەدەغەی هاتوچۆ لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ڕاگەیەندراوە و چەندین ناوچە و شوێنی جیاواز كەرەنتینە كراون، ڕەنگە ڕۆژانە چونە بەر تیشكی خۆر بۆ ماوەی 20 خولەك ئاسان نەبێت، بۆیە پسپۆڕانی تەندروستی چەند ڕێنماییەكی تایبەتیان بۆ دەستكەوتنی ڤیتامین دی لەم كاتەدا بڵاوكردۆتەوە.

 

1-گرنگیدان بە خواردنی شیر و بەرهەمە شیرەمەنییەكانی وەك پەنیر و ماست، هەروەها شیری سۆیا.

 

2-خواردنی زەردێنەی هێلكە، بەو مەرجەی زیاد لە بڕی پێویست نەبێت تاوەكو زیانی نەبێت.

 

3-ماسییە دەوڵەمەندەكان بە چەوری، وەك سەلەمون و تونە و ماكریاڵ و سەردین، كە بەسەرچاوەیەكی سەرەكی ڤیتامین دی دادەنرێن.

 

4-خواردنی جگەری ئاژەڵ بە بڕی كەم.

 

5-گرنگیدان بە خواردنی قارچك، چونكە تاكە سەرچاوەی ڕووەكییە كە دەوڵەمەند بێت بە ڤیتامین دی.

1889 جار خوێندراوەتەوە