وەزیرى بازرگانى بۆ KNN: هەفتەى داهاتوو بەشە خۆراکى مانگانەى هاوڵاتیان دابەش دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
01:07 - 26/03/2020
کوردستان
+
-

وەزیرى بازرگانى هەرێم رایدەگەیەنێت، جوڵەى بازرگانى لە سنورەکان بەردەوامیان هەیە و بڕى خۆراکى پێویست لە هەرێمى کوردستان بەردەستە.

کەمال موسلیم وەزیرى بازرگانى و پیشەسازى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتى دیجیتاڵ میدیاى (KNN)دا رایگەیاند: هەموو ئەو رێگایانەمان گرتوەتە بەر بۆئەوەى خۆراکى پێویست بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان دابین بکەین و نەهێڵین کەمى خۆراک روو لە هەرێم بکات.

ئاماژەى بەوە کرد، جوڵەى بازرگانى لە سنورەکانى هەرێمى کوردستان بەردەوامە و ژمارەى ئەو بارهەڵگرانەى دێنە هەرێمى کوردستان زیادى کردوە و تەنها لەماوەى یەک رۆژدا (2193) بارهەڵگر بە جێبەجێکردنى سەرجەم رێنماییە تەندروستیەکانەوە هاتونەتە هەرێمى کوردستانەوە، بەجۆرێک لە مەرزى باشماخ (493) بارهەڵگر، مەرزى پەروێزخان (510) بارهەڵگر، مەرزى حاجى ئۆمەران (305) بارهەڵگر و لە مەرزى ئیبراهیم خەلیلەوە (885) بارهەڵگر هاتونەتە هەرێم.

کەمال موسلیم وتیشى؛ " لە سەرجەم دەروازە سنوریەکانە بەردەوام خۆراک دەگاتە هەرێم و بڕى تەواوى خۆراک لە هەرێمى کوردستان بەردەستە، کە تەنها لە کۆگاکانى پێنج کۆمپانیادا هەشت هەزار تەن برنج هەیە و (20) هەزار تەنى دیکە بەڕێگاوەن بۆ هەرێم و یەک ملیۆن لیتر زەیت تەنها لە دوو رۆژى رابردودا گەیشتوەتە هەرێم و چوار هەزار تەن پاقلەمەنى و شەش هەزار تەنى دیکەش بەڕێگاوەن و دەگەنە هەرێم".

وەزیرى بازرگانى هەرێم ئاشکراى کرد، بەشە خۆراکى مانگانەى هاوڵاتیان بەردەستە و لە رۆژى یەک شەممەوە دەگاتە بریکارەکانى خۆراک  و هەفتەى داهاتوو بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت.

کەمال موسلیم دەڵێت: "لە ئێستادا بۆردێکمان بۆ دابینکردنى خۆراک پێکهێناوە و ئاسانکارى تەواومان بۆ سەرجەم بازرگانەکان کردوە بۆ ئەوەى بتوانن خۆراک بهێننە هەرێم".

وتیشى: "وەک حکومەتى هەرێم بڕیارمانداوە (30) هەزار تەن ئارد و شەش ملیۆن لیتر زەیت و هەزار و (500) تۆن لە هەریەکە لە نیسک و فاسۆلیا و نۆک  لە دەرەوە هاوردەى هەرێمى کوردستانى بکەین و بیکڕین لەکاتى پێویستدا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشى دەکەین".

کەمال موسلیم وەزیرى بارزگانى هەرێم پەیامێک ئاڕاستەى هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت: "کەمى خۆراک روونادات و بازاڕەکانى هەرێم پڕ دەکەین لە خۆراک، بۆیە پێویست ناکات هیچ هاوڵاتیان خۆراک لە ماڵەکانیاندا کۆبکەنەوە".

2232 جار خوێندراوەتەوە