كۆرۆنا ئاهەنگی هونەرمەندان و فیلمەكانیان پەكدەخات

KNN : Kurdish News Network
11:07 - 06/03/2020
هەمەڕەنگ
+
-

بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و مەترسییەكانی كاریگەری لەسەر كار و چالاكییە هونەرییەكان هەبووە و بەشێكی ئاهەنگ و نمایش و فیلمی هونەرمەندانی جیهانی وەستاندووە.

 

یەكێك لەو ئاهەنگانەی بەهۆی كۆرۆناوە هەڵوەشاوەتەوە، ئاهەنگەكەی خانمە گۆرانیبێژی لوبنانی ئیلیسایە، كە بڕیاربوو  20ی ئەم مانگە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و بەشێكی زۆری بلیتی ئاهەنگەكەش فرۆشرابوو.

 

ئەستێرەی بەناوبانگی جیهانی ئەڤرێڵ لڤین 12 ئاهەنگی خۆی هەڵوەشاندۆتەوە كە بڕیاربوو لە چەند شارێكی وڵاتانی ئاسیا ئەنجامی بدات، پێشبینیش دەكرێت چەند ئاهەنگێكی دیكەی لە وڵاتانی ئەوروپا هەڵبوەشێتەوە، ئەوەش لەبەر مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لەلایەكی دیكەوە بەرهەمهێنەرانی فیلمی (No Time To Die) كە نوێترین بەشی زنجیرە فیلمەكانی جیمس بۆندە، نمایشی فیلمەكەیان لە چین هەڵوەشاندۆتەوە، ئەوەش بەهۆی مەترسییەكانی بڵاوبونەوەی نەخۆشییەكە لەنێوان میوان و ئامادەبووانی فیلمەكە.
ئەمە جگە لەوەی هۆڵەكانی سینەما لە چین و ژاپۆن و كۆریای باشور و بەشێكی ئیتاڵیا داخراوە، ئەوەش كاریگەری لەسەر داهاتی فیلمەكان هەبووە.

كۆمپانیای بەرهەمهێنەری فیلمی (Mission: Impossible) كە ئەستێرەی جیهانی تۆم كروز ڕۆڵی سەرەكی تێدا دەبینێت و لە شاری ڤینیسیای ئیتاڵیا وێنە دەگیرێت، بۆ ماوەی سێ هەفتە وێنەگرتنی فیلمەكە ڕاگیراوە، ئەوەش بەهۆی زۆربونی حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنا لەو وڵاتەدا.

655 جار خوێندراوەتەوە