بەهۆی ناكۆكییەوە كارەكانی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق وەستاوە

KNN : Kurdish News Network
03:07 - 16/02/2020
عێراق
+
-

ناكۆكی توند سەبارەت بە چۆنێتی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق هەیە، بەو هۆیەشەوە كارەكانی لیژنە پەرلەمانییەكە پەكی كەوتووە و هیچ رێكەوتنێكی ئەوتۆ نەكراوە تاكو وەڵامی خۆپیشاندەرانی پێبدرێتەوە. 

 

 

 سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە كارەكانی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق بە سۆمەریە نیوزی راگەیاندوە، لیژنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران كە لە 18 كەس پێكهاتوون، بەهۆی ناكۆكی زۆریان سەبارەت بە چۆنێتی هەمواركردنەوەی دەستور نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی رێكوپێك كۆببنەوە و بەهۆی دورییان لە یەكتر هیچ پرۆژە و پێشنیازێكیان بۆ هەمواركردنەوەی دەستور ئامادە نەكردوە تاكو وەڵامی خۆپیشاندەرانی پێبدەنەوە. 

 

سەرچاوەكە ئاشكراشیكردوە، كۆبوونەوەكانی لیژنەكە زۆر بە خاوی و بەشێوەی ناوبەناو ئەنجام دەدرێن، بەجۆرێك كە تاكو ئێستا و لەماوەی 3 مانگی تەمەنی پێكهێنانی لیژنەكەدا جارێك یان دوو جار نەبێت، هیچ كۆبوونەوەیەك بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامان نەكراوە. 

 

سەرچاوەكە راشیگەیاندوە، تا ئێستا هیچ رێكەوتنێك لە لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستور سەبارەت بە بابەتە سەرەكییەكان نەكراوە، وەكو پرسی سیستمی حوكمڕانی و ئەگەری گۆڕینی لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی و مافی هەرێمەكان و ناوچە جێناكۆكەكان لە نێوان هەولێر و بەغداد، لەگەڵ چارەنووسی ئەنجومەنی پارێزگاكان و هەڵبژاردنی پارێزگار بە شێوەی راستەوخۆ لەلایەن دەنگدەرانی پارێزگاكانەوە. 

 

ئەوەش لە كاتێكدایە بەپێی ئەوەی كە لە پێگەی فەرمی پەرلەمانی عێراق بڵاوكراوەتەوە، دوایین كۆبوونەوەی لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستوری عێراق مانگێك بەر لە ئێستا بە سەرۆكایەتی فالح فەیاز كراوە. 

 

وەك ئەوەی لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی پێدراوە، ئەندامانی لیژنەكە لەو كۆبوونەوەیەدا پێشنیازەكانی خۆیان خستوەتەروو سەبارەت بەو ماددانەی كە دەبێت هەموار بكرێنەوە لەگەڵ گفتوگۆكردن سەبارەت بە گرنگی هەموارەكە و لایەنە باشەكانی لە ئێستا و داهاتوودا بە لەبەرچاو گرتنی ئەزمونی وڵاتانی دیموكراسی سەركەوتوو. 

589 جار خوێندراوەتەوە