ئه‌مریكاو ئه‌ڵمانیا له‌ پشتیوانییكردنی هێزە عێراقییەکان به‌رده‌وام ده‌بن

KNN : Kurdish News Network
06:05 - 14/02/2020
عێراق
+
-

ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا پشتگیرى و پشتیوانى خۆیان بۆ هێزه‌كانى عێراق دووپاتده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌شڵێن، به‌رده‌وام ده‌بن له‌ كۆتایهێنان بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

 

 

مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕایگه‌یاند، ئەمریکا پابەندە بە پێشکەشکردنی مەشق و راوێژەکانی لە عێراق، هەروەها بەردەوام دەبێت لە ئەرکەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

 

مارك ئێسپەر لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ هاوتا ئەڵمانییەکەی، لە کۆنگرەیه‌كى رۆژنامەوانیدا رایگه‌یاند، ئەمریکا پابەندە بە پێشکەشکردنی مەشق و راوێژەکانی لە عێراق، هەروەها بەردەوام دەبێت لە ئەرکی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش.

 

وتیشى، دۆخی عێراق لە ئێستادا ئاڵۆزە، لە میانی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی (نێودەوڵەتیی دژ بە داعش) بەتایبەت باسمان لە فراوانکردنی رۆڵی ناتۆ کرد لە عێراق لە بەرەنگاربوونەوەی داعش.

 

وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مریكا ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاته‌كه‌ی کاردەکات بۆ هەماهەنگیی لەنێوان هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش و حکوومەتی عێراق بۆ یارمەتیدانی بەغدا و وتى، کارەکانی هاوپەیمانییەکە کۆتایی نەهاتووە، و رێککەوتین لەسەر مانەوەمان بە هەستیارییەوە.

 

لای خۆیەوە، ئانگرێت کرامپ کارنباوەر ئاشكرایكرد ئامانجی وڵاتەکەی مەشق و راهێنانە بە هێزە عێراقییەکان، تاوەکو بتوانن لە داهاتوودا بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە.

 

وتیشى، ئەڵمانیا هاوبەشە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، و بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە شەڕی دژ بە داعش.

 

دوای ئەوەی ٣ی کانوونی دووەمی رابردوو، هەریەک لە فەرماندەی فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی و جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبو مەهدی موهەندیس لە بۆردومانێکی ئاسمانیی ئەمریکادا لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش چالاکییەکانی لە عێراق هەڵپەسارد.

 

دواتر ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکدا بڕیاریدا بە دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە وڵاتەکەدا و ئەمەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە نایانەوێت عێراق ببێته‌ گۆڕەپانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران. 

 

ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش نزیکەی پێنج هەزار سەربازی وڵاتەکەی لە عێراق جێگیرکردووە.

607 جار خوێندراوەتەوە