ئاژانسی هاوار له رۆژئاوای كوردستان چه‌ند وێنه‌یه‌ك و به‌ڵگه‌یه‌كی ڤیدیۆیی بڵاوده‌كاته‌وه كه تیایدا چه‌ند كه‌سێكی مه‌ده‌نی هه‌موو جه‌سته‌یان سوتاوه و ده‌ڵێن: ئه‌و چه‌كه‌ی سوپای توركیا ناوچه‌كه‌ی ئه‌وانی پێ بۆمباران كردووه وه‌كو چه‌كه‌كانی دیكه نه‌بووه و له دورییه‌كی زۆره‌وه خه‌ڵكی سوتاندووه.
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه؛ برینداره‌كان له‌ئێستادا له نه‌خۆشخانه‌ی گه‌ل له شاری حه‌سه‌كه چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن له هه‌رێمی جزیره‌ی رۆژاوای كوردستان.
ئه‌گه‌رچی تائێستا هیچ ده‌زگایه‌كی لێكۆڵینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی راستی و دروستی بابه‌ته‌كه‌ی نه‌سه‌لماندووه، به‌ڵام یه‌كێك له‌و برینداره مه‌ده‌نییانه‌ی له كاروانێكی ئۆتۆمبێلدابووه بۆ پشتیوانی سه‌رێكانی به‌ڕێكه‌وتبوون له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا وتی؛ "ئه‌و چه‌كه‌ی ئێمه‌ی پێ بۆردومانكرا، فۆسفۆریی بوو".
برینداره‌كه ناوی (سیپان)ه، هه‌روه‌ها وتی؛ "هه‌ندێك له برینداره‌كان سه‌دان پێ دووربون له شوێنی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبه‌كه‌وه، به‌ڵام هاوشێوه‌ی من به سه‌ختی سوتان".
به‌كارهێنانی چه‌كی فۆسفۆری، یه‌كێكه له چه‌كه قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان له جیهاندا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌ختی دژایه‌تی به‌كارهێنانی ئه‌و جۆره چه‌كانه ده‌كات له شه‌ڕو پێكدادانه‌كاندا، به‌و پێیه‌ی چه‌كێكی كۆكوژه و جیاوازی له‌نێوان كه‌سانی مه‌ده‌نی و چه‌كداردا ناكات و ده‌یان كاریگه‌ریی ژینگه‌یی له سه‌ر خاك به‌جێ ده‌هێڵێت له‌گه‌ڵ چه‌ندین زیانی دیكه.
11315 جار خوێندراوەتەوە