بۆ ئاساییکردنەوەی نیگەرانییەکانی خۆپیشاندەران، حکومەتی عێراق چەند
بڕیارێکی نوێی بۆ دابەشکردنی زەوی و ئاسانکاری لە بنیاتنانی پرۆژەی بچوک دەرکرد.
لە کۆبوونەوەی ھەفتانەی حکومەتدا بە بڕیاری
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ دابەشکردنی
زەوی بەسەر ئەو کەسانەی کە شایستەن.
ھەورەھا بڕیاری ئەوەش دراوە، لە پڕۆژە یاسای
بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراقدا، کارکردن بەو یاسایانە رادەگیرێت کە ماف دەدات بەو کەسانەی
زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن و سەرپشک دەکرێن لە ھەڵبژاردنی مووچەیەکیان.
گرنگترین بڕیارەکان:
- وەزارەتی کارەبا سیستمی وزەی خۆر بەسەر سێ ھەزار
خێزانی کەمدەرامەت بەخۆرایی دابەش دەکات، لەگەڵ کارکردن بۆ رەخساندنی ھەلی کار بۆ
گەنجان، بە ئاسانکاری کردن بۆ بنیاتنانی پڕۆژە و کارگەی بچووک و ھاوکاری کردنیان لەلایەن
حکوومەتەوە.
- ئەو گەنجانەی لەتەمەنی نێوان ١٨ تا ٣٨ ساڵیدان
و بێکارن ، لەلایەن وەزارەتی کارەباوە رادەسپێردرێن بۆ کۆکردنەوەی کرێی کارەبا، بەگوێرەی
شوێنی نیشتەجێبوونیان.
- زەوی کشتوکاڵی بەسەر دەرچووانی کۆلێج و پەیمانگاکانی
کشتوکاڵ دابەشدەکرت و قەرزیان پێدەدرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی گەورە و بچووکی کشتوکاڵی
لەسەر ئەو زەوییانە.
- وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانیش راھێنان بەو
گەنجانە دەکات کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن و بێکارن و خواستی ئەوەیان ھەیە کە
پڕۆژەی بەرھەمھێنانی ناوخۆییان ھەبێت ، لەگەڵ ھاوکاریکردنی ئەو پڕۆژانە لە سندووقی
پڕۆژەکان.
- حکوومەت رایگەیاندووە، دەستەیەک لە راوێژکارانی
ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی کەمکردنەوەی ساڵانی خانەنشینبوونی فەرمانبەران دەکەن،
لەماوەی دوو ھەفتەشدا رای خۆیان دەگەیەننەوە بە ئەنجوومەن، بە ئامانجی ئەوەی گەنجان
شوێنی ئەو کەسانە بگرنەوە کە خوازیارن خانەنشین بن.
- حکوومەت بڕیاری ئەوەشی داوە، دەرگای دامەزراندن
لە زانکۆ حکوومییەکان بکاتەوە، ھەروەھا زانکۆ ئەھلییەکانیش پابەند بکات بە وەرگرتنی
ژمارەیەکی گونجاو لە ھەڵگرانی بڕوانامەی باڵا.
- لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق بە گرێبەست لەگەڵ
وەبەرھێنەراندا پڕۆژەی ریسایکلین دەکرێتەوە.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو، حکوومەتی عێراقی بەشی یەکەمی
بڕیارەکانی دەرکرد بە بڕینەوەی بڕێک پارە بۆ ھاوکاری کردنی ھەژاران و ئەو کەسانەی
بێکارن ، لەگەڵ راگرتنی تێکدانی خانووە زیادەڕۆکان، وە گەڕاندنەوەی ئەو کارمەندانەی
لە سووپا و پۆلیس دابڕاون.
بەشی یەکەمی بەڵێنەکانی حکوومەت نەبووە ھۆی کەمکردنەوەی رق و تووڕەیی خۆپیشاندەران، بەڵام تا رادەیەک خۆپیشاندانەکانی کپ کردەوە،
چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانیش بڕیاریاندا بە ھەڵپەساردنی خۆپیشاندانەکان تا دوای کۆتایی
ھاتنی چلەی ئیمان حوسێن لە ٢٠ی ئەم مانگەدا .
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی خۆپیشاندانەکانی
بەغدا و چەند شارێکی دیکەی عێراقەوە تاوەکو ئێستا ١٦٥ کەس کوژراون و زیاتر لە شەش
هەزار کەسیش بریندارکراون.
1639 جار خوێندراوەتەوە