عومه‌ری سه‌ید عه‌لی له‌باره‌ی رێكه‌وتنی پارتی و گۆڕان ده‌دوێت

KNN : Kurdish News Network
09:13 - 05/10/2019
کوردستان
+
-

عومه‌ری سه‌ید عه‌لی: له‌ رابردوودا خۆمان راگرت و نه‌مانهێشت كه‌س وه‌صی بێت به‌سه‌رمانه‌وه‌


بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان: له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتودا كاندیده‌كانمان بۆ پۆست و به‌ركه‌وته‌كانمان یه‌كلایی ده‌كه‌ینه‌وه‌


عومه‌ری سه‌ید عه‌لی: پارسه‌نگین بۆ داواكاری و به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان


خانەی راپەڕاندنی گۆڕان جەخت لەسەر بەرەوپێشبردنی بزوتنەوەكە دەكاتەوە



لەچوارچێوەی بەسەركردنەوەی مەكۆكانی گۆڕان لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ (شەممە) خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەڤەری پشدەر و بیتوێنیان بەسەركردەوە و پلان و بەرنامەی كاری دو ساڵی داهاتویان بۆ گۆڕانخوازان رونكردەوە.

لە كۆبونەوەیەكدا كە لە هۆڵی (دڵان) لە شارۆچكەی چوارقوڕنە بەڕێوەچو، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، رێكخەری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئه‌ندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەكه‌ وتاریان پێشكه‌شكرد پلانی چه‌ند ساڵی داهاتوی خۆیان خسته‌ڕوو.

لەسەرەتادا عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە رایگەیاند: بزوتنەوەکەیان نەبوە بە پارسەنگی هیچ لایەك، بەڵكو بوە بە پارسەنگی بەرژەوەندییەکانی خەڵك.

له‌باره‌ی رێكه‌وتانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێم، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، وتی: داوای به‌شدارییه‌كی فیعلیمان له‌ جومگه‌ هه‌ستیاره‌كانی كابینه‌كه‌دا كردووه‌ و داواكارییه‌كانی گۆڕان زۆر به‌ئاسانی به‌ به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌وه‌ دیاره‌.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد: له‌ دوو هه‌فته‌ی داهاتودا پۆست و به‌ركه‌وته‌كانی دیكه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ پۆسته‌ جیاجیاكاندا پڕده‌كه‌نه‌وه‌ و كاندیده‌كانی بۆ یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌.
ره‌وتێك هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت لامه‌ركه‌زییه‌ت وه‌لا بنێت و مه‌ركه‌زییه‌ت دروست بكاته‌وه‌
رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئێمه‌ پێمانوایه‌ رێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ (پارتی دیموكراتی كوردستان) له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستاندایه‌ بۆ هه‌موو سێكته‌ره‌كان، هه‌ر بۆیه‌ پێیان وتوین كه‌ ده‌بێت به‌ته‌واوی بێنه‌ حكومه‌ته‌وه‌ و نابێت قاچێكتان له‌ حكومه‌ت و ئه‌وی تر له‌ ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت بێت، هه‌ر بۆیه‌ وه‌كو گۆڕان ئه‌و داواكارییه‌مان په‌سه‌ند كردووه‌ و مه‌رجمان هه‌بووه‌.

له‌باره‌ی مه‌رجه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، وتی: ئێمه‌ دیلی ده‌ستی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ نین، ماوه‌ی ساڵێكمان داناوه‌ بۆ پێداچونه‌وه‌ به‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ماندا و هه‌ڵسه‌نگاندنی له‌هه‌ردولاوه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌شی بۆ خه‌ڵك و هه‌مولایه‌ك ڕونده‌كرێته‌وه‌.
له‌ماوه‌ی رابردوودا بەپشتیوانی گۆڕانخوازان خۆمان راگرت و نەمانهێشت كەس وه‌صی بێت بەسەرمانەوە
وتیشی: ئێمە له‌ماوه‌ی رابردوودا بەپشتیوانی گۆڕانخوازان خۆمان راگرت و نەمانهێشت كەس وه‌صی بێت بەسەرمانەوە، ئەجێندای هیچ دەوڵەتێكی ئیقلیمی و بەغدامان جێبەجێ نەكرد، نە دەبین بە پارسەنگی یەكێتی، نە دەبین بە پارسەنگی پارتی، دەبین بە پارسەنگ بۆ بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان، لەو روانگەیەوە سیاسەتی خۆمان لەبەرچاو رونە و بەرژەوەندیی گەلەكەمان لەبەرچاوەو هەمو كاتێكیش لە ریزی پێشەوەین بۆ هاوكاری لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوانەی لە دەسەڵاتن و بەوانەش كە لە ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام نابین بە پاشكۆی هیچ لایەنێك.
 
سەبارەت بەكێشەكانی عێراق رێكخەری گشتی وتی: ره‌وتێك هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت لامه‌ركه‌زییه‌ت وه‌لا بنێت و مه‌ركه‌زییه‌ت دروست بكاته‌وه‌... بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ مافی خه‌ڵكه‌وه‌یه‌ هه‌یه‌ كه‌مته‌رخه‌می ده‌نوێنن‌، كێشه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی له‌ مه‌سه‌له‌ی نه‌وت و گاز یاسای بۆ ده‌رناكه‌ن و ده‌یانه‌وێت هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌ بمێنێته‌وه‌.

هەر لە كۆبونەوەكەدا عەدنان عوسمان، سكرتێری جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: ئەوەی گۆڕان جیا دەكاتەوە لە حیزبەكانی تر ئەوەیە كە لە گۆڕاندا هەمو هەڵسوڕاوەكان لەڕێی نوێنەریان لە سەرجەم ئۆرگانەكاندا بەشدار دەبن لە پڕۆسەی بڕیاردان كە ئەوەش ئێمەی گەیاندوە بە شێوازێكی نوێ لە حیزبایەتی.
گۆڕان لەسەر ئیرادە بەندە، هەر ئەو ئیرادەیە بوو ئێمەی گەیاندە بەشداری لە حكومەت و سەركەوتو بوین
وتیشی: سەرەڕای ئەو پیلانگێڕییەی لە رابردودا روبەڕوی گۆڕان بوەوە، بەڵام بزوتنەوەكە لەسەر پێی خۆی وەستا و پاشگەز نەبوەوە لە كاركردن بۆ هێنانەدیی چاكسازی، چونكە گۆڕان لەسەر ئیرادە بەندە، هەر ئەو ئیرادەیە بوو ئێمەی گەیاندە بەشداری لە حكومەت و سەركەوتو بوین. لەئێستاشدا بەشداریمان لە حكومەت بەهەمان شێوە لە پێناوی چاكسازییە، ئێمە ئامادە نین هەڵسوڕاوێك بگۆڕێنەوە بە پۆستێك، هەمو هاوڕێیان لە پەرلەمان و حكومەتی خۆجێییەكاندا دەبێت پابەندی بەهاكانی گۆڕان و ماندوبونی ئێوە بن، لەمەودوا گۆڕان زۆر بە وریاییەوە چاودێری نوێنەرانی دەكات و ئامادە نابین بچوكترین هەوڵ و ماندوبونی ئێوە بەلاڕێدا ببرێت.

جەختیشیكردەوە كە بەهەوڵ و ماندوبون و دڵسۆزیی هەڵسوڕاوان، لە ئایندەیەكی نزیکدا كۆنفرانسە ناوخۆییەكان و هەروەها كۆنفرانسی نیشتمانی ئەنجام دەدرێن و گۆڕان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە.

د. دەرباز محەمەد، سكرتێری كاروباری ژورەكان، باسی لە گرنگی رۆڵی ژورەكان كرد وەك ئۆرگانێكی سەرەكیی تایبەت بە توێژینەوە كە لەو ڕێیەوە دەتوانرێت بڕیاری تەندروست بدرێت لە چوارچێوەی پلان و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان.
لە حاڵەتی دروستبونی هەر بۆشاییەك لە حكومەتی عێراقدا، بۆ ئێمەی كورد خراپ دەبێت
وتیشی: بەرنامەمان هەیە ژورەكان رێكبخەین هەم لەروی زیادكردنی ئەندامان و هەم لەڕوی دانانی رێكخەر و پلان و بەرنامەی نوێ، هاوكات بەرنامە هەیە بۆ ئەوەی هیچ ناوچەیەك بێبەش نەكرێت لە بونی ئەندام لە ژورەكان بۆ ئەوەی تەعبیر لە هەمو ناوچەكانی كوردستان بكات و بتوانین سود لە وزە و تواناكان وەربگرین.

سەبارەت بە هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان لەئاست خۆپیشاندانەكانی شارەكانی عێراق، د. دەرباز محەمەد وتی: ئەوەی كە بەباشی دەزانین و لە بەرژەوەندیماندایە، ئەوەیە كە دەبێت پەرلەمان و حكومەت لە چوارچێوەی دەستور چاكسازی بكەن، چونكە لە حاڵەتی دروستبونی هەر بۆشاییەك لە حكومەتدا، بۆ ئێمەی كورد خراپ دەبێت بەتایبەت كە لە ئێستادا هیچ بەدیلێك نیە كە بزانین باشترە لەم حكومەتەی ئێستا.

د. دەرباز محەمەد، وتیشی: بەشداریی ئێمە بەشداریەكی گۆڕانانەیە و بۆ بەرژەوەندیی گشتییە، نەك بوبێتین بە (دیل)ی رێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ چونەناو حكومەت.

هەر لە کۆبونەوەکەدا جەلال جەوهەر سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، رایگەیاند: لە هەوڵداین مافەكانمان لە حكومەتی خۆجێی بە تەواوی بەدەستبهێنین.
دەبێت كلتوری بەگژداچونەوەی گەندەڵی بكەینە شوناسی گۆڕان و هەڵسوڕاوەكانی
وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان كە هێزێكی مەدەنی و چاكسازیخوازە، هەر بەم شێوەیەش دەركەوت لە كوردستان و عێراق، بۆیە دەبێت ئەم كلتورە برەو پێ بدەین و ناسنامەی مەدەنیەت و ناسنامەی بەگژداچونەوەی گەندەڵی بكەینە شوناسی گۆڕان و هەڵسوڕاوەكانی، بۆ ئەوەی جیاوازی دروست ببێت لە نێوان ئێمە و حیزبەكانی تر.

رونیشیكردەوە: رەنگە کەموکوڕییەک هەبێت بەوەی تا ئێستا نەمانتوانیوە دژە گەندەڵی بكەینە رۆشنبیری سەرجەم ئۆرگانەكان و هەڵسوڕاوانی خۆمان، بۆیە زۆر گرنگە لەمەودوا ئەو رۆشنبیرییە پەرە پێ بدەین و بیكەینە شوناسی خۆمان.
گۆڕان پشتیوانی خۆپیشاندانی مەدەنی دەكات و ئەوەشی ئێستا لە عێراق رودەدات بەرمەبنانی پەنگخواردنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵاتە
سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی عێراق، جەلال جەوهەر رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی هەر خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكی مەدەنی دەكات و ئەوەشی ئێستا لە عێراق رودەدات بەرمەبنانی پەنگخواردنی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵاتە.

لای خۆیەوە شەماڵ عەبدولوەفا، سكرتێری باژێرەكان لە خانەی راپەڕاندن، رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەكی مەعریفییە بە ئەخلاقی سیاسی لە چاكەی گشتی دەگەڕێ.
لە دامەزراوەی خانەی راپەراندن بە پرسیارێك دەستمان پێكردوە، كە پرسیارەكە ئەوەیە چی بكەین؟

وتیشی: ئێمە لە دامەزراوەی خانەی راپەراندن بە پرسیارێك دەستمان پێكردوە، كە پرسیارەكە ئەوەیە چی بكەین؟، ئەم پرسیارە كۆمەكمان دەكات بۆ وەرگرتنەوەی زۆرترین وەڵام، بۆ ئەوەی بزانین لە ناو رایەڵەو بازنە و مەكۆكان چۆن خۆمان رێك بخەینەوە، وە لە دەرەوەی بازنەو مەكۆ و رایەڵەكان ئەوەی كە هەمانە چۆن رێكبخەینەوە، چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی ژنان و رێكخستنەوەیان بكەین، وە چۆن بتوانین گەنجان و خوێندكاران و لاوان رێكبخەینەوە و سود لە وزەو توانا و لێهاتوییان وەربگرین، لە لایەكی دیكەوە چۆن بتوانین هەندێ چین و توێژی زۆر تایبەت هەیە كە پێكدێن لە (مامۆستایان، مامۆستایانی زانكۆ، پزیشكان،پارێزەران، پیاوە كۆمەڵایەتییەكان) و چۆن بتوانین لە رێكخستنەوەی خۆماندا وەك بۆردی راوێژكاری سودیان لێوەربگرین.

برزۆ مەجید سكرتێری كاروباری خەڵك رایگەیاند: ئاوێتەبونی خەڵك لەگەڵ گۆڕان لەژێر رۆشنایی ئەو بەرنامەیەیە كە بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر دامەزراوە.
تەنها بزوتنەوەی گۆڕان لە كوردستاندا ژمارەی دەنگدەرەكانی گۆڕان زۆر زیاترن لە ژمارەی ئەندام و هەڵسوڕاوەكانی
هیچ حیزبێك نیە لە كوردستان لە سەركردایەتیەكەی ئۆرگانێكی تایبەتی بۆ خەڵك دانابێت، خەڵك بەلای گۆڕانەوە زۆر گرنگە، تەنها بزوتنەوەی گۆڕان هەیە لە كوردستاندا بەهەمو هەڵبژاردنەكانەوە ژمارەی دەنگدەرەكانی گۆڕان زۆر زیاترن لە ژمارەی ئەندام و هەڵسوڕاوەكانی، كەچی حیزبەكانی تر ژمارەی ئەندامەكانیان زیاترە لە دەنگدەرەكانیان.

جەختیشیكردەوە: لەدوای تەواوبونی ئەو زنجیرە كۆبونەوانە، لەڕێی باژێروانەكانەوە داوای تەنیسق و هەماهەنگی دەكەین بۆ ئەوەی كە سەردانی هاوڵاتیان بكەین و لە خزمەتیاندا بین.

 

 

1750 جار خوێندراوەتەوە