سیازدەهەمین ڤیستیڤاڵی مۆسیقای لاوانی ئێران، لە تاران بەئامادەبونی وەزیری رۆشنبیری و هونەری ئێران و سەدان هونەرمەند و كەسایەتی ناسراوی ئەو وڵاتە بەرێوەچوو.
چالاكییەكانی فیستیڤاڵەكە مانگێك پێش ئەوبەروارە دەستی كردبوو، كە تیایدا پێشبڕكێیەك لەسەر ئاستی تەواوی ئێران سازكرابوو بۆ هونەرمەندو ژەنیارانی لاوی ئێران و 778 هونەرمەندو ژەنیار لەسەرانسەری ئێران بەشداری پێشبركێكەیانكرد.
زیاتر لە 110 مامۆستای بوارە جیاوازەكانی مۆسیقاش ڕۆڵی دادوەریان بینی، بۆ هەڵبژاردنی باشترین بەشداربووەكان. سەرئەنجام 6 كەس گەشتنە قۆناغی كۆتایی.
هونەرمەندی لاو ئاروین رەئوفی بەنوێنەرایەتی سەرجەم رۆژهەڵاتی كوردستان پلەی یەكەمی ڤیستیڤاڵەكەی وەرگرت و بەباشترین ژەنیاری لاوی دەفی ئێران هەڵبژێردرا.
ئاروین رەئوفی خەڵكی شاری پاوەی رۆژهەڵاتی كوردستانە و ساڵی 1992 لەدایكبووە، ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە لە ئێران سەرقاڵی خوێندنی مۆسیقاو ژەنینی دەفە، خوێندكاری بێژەنی كامكار و هەژار زەهاوی بووە.
ئەو هونەرمەندە لاوە لە تاران بەبەردەوامی سەرقاڵی ئەنجامدانی كاری هونەرییە، لەپاڵ ژەنیارو گۆرانیبێژە بەناوبانگەكانی ئێراندا، بەشداری چەندین كۆنسێرت و ئاهەنگی گەورەی كردوە، هەروەها خاوەنی كتێبێكی تایبەت بەناوی (پژواك دف)، وئەمە جگە لەوەی وانەیە بە فێرخوازانی شارەكانی پاوەو تاران دەڵێتەوە.

867 جار خوێندراوەتەوە