ئەنقەرە: رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشوازی لە عادل عەبدولمەهدی كرد
لەسەر بانگهێشتی سەرۆك كۆماری توركیا، ئێوارەی ئەمڕۆ عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بە یاوەری وەفدێكی باڵای حكومیی، گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی ئەو وڵاتەو لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان و گەورە بەرپرسانی توركیاوە، پێشوازییان لێكرا..
نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی رایگەیاند: جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیرانی نەوت و سەرچاوەكانی ئاو و پلاندانان و بازرگانیی و كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گواستنەوەو گەیاندن و ژمارەیەك لە بریكاری وەزارەتەكان و گەورە بەرپرسان و راوێژكارانی حكومەت، یاوەریی سەرۆك وەزیران دەكەن لەو گەشتەیدا.
عەبدولمەهدی لەگەڵ گەورە بەرپرسانی توركیا، گفتوگۆ دەكات لەبارەی هاوكاری و هەماهەنگیی ئابووریی و بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات.
بڕیارە لە درەنگانێكی ئەمشەودا، عەبدولمەهدی و وەفدی یاوەری، كۆتایی بە سەردانەكەیان بۆ توركیا بهێنن و بگەڕێنەوە بۆ عیراق.
646 جار خوێندراوەتەوە