كڕیاران: گۆشتی سوور لە خەلەكان تازەیە و نرخیشی گونجاوە
لە كوشتارگەی خەلەكانی سەر بە قەزای دوكان رۆژانە نزیكەی 50 ئاژەڵی بچوك و 8 ئاژەڵی گەورەش، سەردەبڕدرێن، لە مانگی رەمەزان و جەژن و بۆنەكانیشدا، ژمارەكان بۆ دوو ئەوەندە بەرزدەبنەوە. ئەوەشی وای كردوە، ئەو ژمارە زۆرەی ئاژەڵ لەو ناحیەدا سەر ببڕدرێن, هاوڵاتییانی هەولێرو سلێمانین كە لە كاتی هاتوچۆ بە ناحیەكەدا، لادەدەن و گۆشت دەكڕن, ئەمە جگە لەوەی گۆشتەكە خۆماڵییە و تازەیەو نرخەكەشی گونجاوە.
شارۆچكەی خەلەكانی سەر بە قەزای دوكان، بوەتە بازاڕێك بۆ ساغكردنەوەی گۆشتی سوور، بەجۆرێك لە رۆژانی ئاساییدا، 50 ئاژەڵی بچوك لە گیسك و بەرخ مەڕو بزن و 8 ئاژەڵی گەورەش سەردەبڕدرێن. لەمانگی رەمەزان و جەژن و بۆنەكانیشدا، دوو ئەوەندە سەردەبڕدرێت.
گۆشتفرۆشەكان ئاژەڵەكان لە گوندەكانی دەوروبەری ناحیەكە دەكڕنو دەیبەن بۆ كوشتارگەی خەلەكان.
گۆشتفرۆشێك كە ماوەی پێنج ساڵە ئەو كار دەكات، تەنها بۆ ئەمڕۆ 10 سەر ئاژەڵی بچوكی سەربڕیوە و دەڵێت: پێش قەیرانەكە، دوو ئەوەندەیان ئاژەڵ سەردەبڕی. وتیشی: زیاتر هاوڵاتیانی هەولێرو سلێمانی كە لەم جادە سەرەكییەوە هاتووچۆ دەكەن, لادەدەن و گۆشت دەكڕن.
زۆریی ژمارەی دوكانی گۆشتفرۆشەكان، جگە لەوەی بۆتە سەرچاوەی بژێویی دەیان خێزان، هەر لە تەك ئەوانیشەوە چەندین چێشتخانە دروست بوون و بۆتە هەلی كار بۆ بەشێك لە هاوڵاتییانی ناحیەكە.
كڕیارەكان دەڵێن: جگەلەوەی گۆشتەكە خۆماڵیە، تازەیەو نرخەكەشی گونجاوە.
بە گشتی لێرە نرخی یەك كیلۆ گۆشت، 12 هەزار دینارە، بەڵام نرخ جێگیر نییە و بەپێی گران و هەرزانی بازاڕی ئاژەڵ دەگۆڕیت، سەرپەرشتیاری كوشتارگەی خەلەكانیش وتی: لەناو شارۆچكەكە، سەربڕینحانەیەك هەیە كە لەژێر چاودێریی ڤێتێرنەریدایەو رۆژانە پزیشكی ڤێتێرنەریی پشكنینیان بۆ دەكات.
بەپێی ئامارێكی ڤێتێرنەریی هەرێمی كوردستان، ساڵانە 85 هەزار تەن گۆشتی سوور لە كوردستان دەخورێت، كە پشكی شێر بەر سلێمانی دەكەوێت، بەشێوەیەك ساڵی پار 512 هەزار ئاژەڵی ورد واتە مەڕو بزن و 67 هەزار ئاژەڵی گەورە لەسەر بڕینخانەكانی سنوری پارێزگاكە، سەربڕدراوە و هەروەها بەهۆی خواستی زۆر لەسەر گۆشتی سوور، ساڵی پار 120 هەزار سەر ئاژەڵ هاوردە كراون.
2748 جار خوێندراوەتەوە