ترەمپ‌ و میلانیا لەگەڵ سەربازانی ئەمریكا لەعێراق كریسمسیان كرد

08:59 - 27/12/2018
عێراق

ترەمپ: ئیتر ئەمریكا لەجیاتی جیهان شەڕ ناكات  

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاو میلانیای هاوسەری لەسەردانێكی رانەگەیەنراودا، سەربازانی سوپای ئەمریكایان لەعێراق بەسەركردەوە و كریسمسیان لەگەڵ ئەوان كرد. 


سەردانەكەی ترەمپ و میلانیای هاوسەری بۆ بنكەی ئاسمانیی ئەسەد لەپارێزگای ئەنبار، سێ كاتژمێری خایاندو دواتر چوونە ئەڵمانیا و سەردانی بنكە سەربازییەكەی وڵاتەكەیان كرد لەئەڵمانیا. 

بڕیاربوو ترەمپ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە، بەڵام كۆبونەوەكە هەڵوەشایەوەو هەردوولا بەتەلەفۆن قسەیان كرد. 

ترەمپ لەوتەیەكی بۆ سەربازانی سوپای ئەمریكا لەئەنبار رایگەیاند, ئەمریكا ناتوانێت پۆلیسی جیهان بێت. وتیشی: كشانەوەی هێزەكانیان لەسوریا دوا ناكەوێت. 

راشیگەیاند, ئەمریكا ماوەیەكی زۆرە لەجیاتی چەندین وڵاتی دیكە شەڕی كردووە ئەوەشی بەكارێكی خراپ وەسفكرد. 

ترەمپ جەختیكردەوە رێكخراوی داعش بە تەواوەتی تێكشكێنراوە.

دوای نزیكەی دوو ساڵ لەسەرۆكایەتیكردنی ئەمریكا ئەوە بەیەكەم سەردانی دۆناڵد ترەمپ دادەنرێت بۆ ناوچە ئاڵۆزەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

2282 جار خوێندراوەتەوە