پارتی پێشنیار دەكات لەم مانگەدا سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان هەڵبژێردرێن
سبەی وەفدی دانوستانی پارتی كۆدەبێتەوە و كاتی دەستپێكردنی كۆبونەوەكان دیاری دەكات، بەپێی پرۆژەی ئەو حیزبەش لەم مانگەدا دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێن.
سەرچاوەیەك لە وەفدی دانوستانی پارتی بە KNN راگەیاند: ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی بۆ تاوتوێكردنی ئەنجامی كۆبونەوەكانی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی كۆبوەتەوە.
وتیشی: سبەی وەفدی دانوستانی پارتی كۆدەبێتەوە و كاتی دەستپێكردنی كۆبونەوەكان دیاری دەكات.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە تاكۆتایی ئەم هەفتەیە وەفدی پارتی دێتەوە سلێمانی و لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتمانی كۆدەبێتەوە.
سەبارەت بە ئەجێندای كۆبونەوەكە، ئەو سەرچاوەیە ئاشكرایكرد پارتی پێشتر بەهەردو وەفدی گۆڕان و یەكێتی راگەیاندووە كە لەگەڵ ئەوەدایە لە كۆبونەوەكەی ئەمجارەدا زۆرێك لە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی تەواو بكات و تاكۆتایی ئەم مانگە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێن و لە مانگی داهاتووشدا حكومەت پێكبهێنرێت.
978 جار خوێندراوەتەوە