هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییدا.. یاسا چۆن دەتوانێ رێگری لەم فەوزا میدیاییە بکات؟

هەرێمی كوردستان لەبەردەم هەڕەشەی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییدا.. یاسا چۆن دەتوانێ رێگری لەم فەوزا میدیاییە بکات؟


ئاوات خەیروڵڵا، رۆژنامەنووس و راوێژكاریی یاسایی 


بڵاوكردنەوەی دیمەنی هێرشە درۆنیی و مووشەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لەلایەن بەشێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەت لەرووداوەکانی شەوی رابردوو هەروەها چەند حاڵەتێکی دیکەدا لەلایەن ژمارەیەك راگەیاندنكار و بەشێك لەو كەناڵە بیانیانەی ئۆفیسیان لە هەرێم هەیە،  مەترسیدارە و هەموو سنوورێكی یاسایی و پیشەیی بوونی تێپەڕاندووە لەبەردەم هەڕەشەیەکی جددی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانییداین.
هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتیی ڕووبەڕووی دۆخێكی هەستیاری نا پارێزراوی ئاسایشی كۆمەڵایەتیی بووەتەوە، لەم جەنگەدا، پاراستنی زانیاری و مامەڵەکردنی بەرپرسیارانە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ڕووداوەکان، یەكێكە لە بنەما سەرەکییەکانی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی.
 دامەزراوە میدیاییەکان و رۆژنامەنووسان، بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە گواستنەوەی زانیاریی هەیانە، بەرپرسیارییەکی گەورەی یاسایی و ئەخلاقییان لەسەرە، کە پێویستە بڵاوکردنەوەی هەواڵ بە شێوەیەک بێت کە زیان بە سەلامەتی هاوڵاتییان و ئاسایشی گشتیی نەگەیەنێت.
كەچی لەسەرەتای دەستپێكی ئەو هێرشانەی كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان، تا هێرشەکانی شەوی رابردوو، رۆڵی بەشێك لەمیدیا و رۆژنامەنووسان زۆر خراپ و دوور لە یاساكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بوونە، بەتایبەت لەشوێنی بەئامانجگرتنی مووشەك و درۆنەكان و پێشاندانی دیمەنەكان، هاوكارێكی سەرەكین بۆ دوژمن، كە بەشێكی زۆریان لەبێئاگایی دەرئەنجامەكانی، تەنها لەبەر لایك و ڤیۆ ئەم كارانە دەكەن، كە دەكرێت میدیای لەسەر دابخرێت، یاخود میدیاكاری لەسەر دەستگیربكرێت، ئەگەر بێت و یاساكان جێبەجێ بكرێن. 

بەپێی یاسای ڕاگەیاندنی هەرێمی کوردستان ژمارە (35) ساڵی 2007، ئازادیی ڕاگەیاندن مافێکی بنەڕەتییە کە پارێزراوە، بەڵام ئەم ئازادییە سنووردارە کاتێک کە بەکارھێنانی ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسایشی نیشتیمانی یاخود سەلامەتی گشتی یان بەرژەوەندیی وڵات. هەمان یاسا جەخت دەکاتەوە کە میدیا پابەندە بە ڕێزگرتن لە سنوورە یاسایی و پیشەییەکان کاتێک هەواڵ و زانیاری بڵاودەکاتەوە.
لە هەمانکاتدا، لە دەستووری عێراقدا، كە لە ماددەی (38) دا هاتووە، مافی ئازادیی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی دەپارێزێت، بەڵام لە هەمان ماددەدا جەخت دەکاتەوە، کە ئەم مافە دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بەکاربهێنرێت و نابێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی ئاسایش و ڕێکخستنی گشتی.
هەروەها بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111) ساڵی 1969، هەندێک ماددە بە شێوەی ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و نهێنییە سەربازییەکان، لەوانەش ماددەکانی (156، 157، 160، 164)، کە دەڵێتــ ، هەر کەسێک بە هەر شێوەیەک یارمەتی دوژمن یان کردارێک بکات کە بتوانێت سوود بە دوژمن بگەیەنێت، بەرپرسیاری یاسایی لەسەر دەکەوێت.
بڵاوکردنەوەی زانیاری یان نهێنییەکانیش کە پەیوەندیدارن بە ئاسایشی وڵات و دەتوانن سوود بە لایەنێکی دوژمن بگەیەنن، بە تاوان هەژمار دەكرێت و سزا بۆی دیاریکراوە.
هەروەک بەروونیش لەماددەی (164) هاتووە: بڵاوکردنەوەی هەواڵ یان زانیارییەک کە بتوانێت ببێتە هۆی تێکچوونی ئاسایش و ئارامی گشتی، دەتوانێت ببێتە هۆی لێپرسینەوەی یاسایی.

لەبەر ئەمە، بڵاوکردنەوەی وێنە، ڤیدیۆ یان زانیاریی ورد لەبارەی شوێنی كەوتنی مووشەك یان هێرشە سەربازییەکان، بە تایبەتی ئەگەر شوێنی ورد، ناونیشان یان نیشانە جوگرافییەکان تێدا دیاربن، دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یارمەتی بدات، بە لایەنە هێرشبەرەکان بۆ دیاریکردنی ئامانجەکانی تریان. ئەمە نەک تەنها مەترسی بۆ سەلامەتیی هاوڵاتییان دروستدەکات، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا و دروستبوونی بەرپرسیارێتیی یاسایی بۆ ئەوانەی لە بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە زانیارییانەدا بەشدارن.
هەر لەبەر ئەوە، پێویستە حكومەت و سەندیكای رۆژنامەنووسان، فشارەكانیان چڕتربكەنەوە بۆ سەر دامەزراوە میدیاییەکان و ڕۆژنامەنووسان و بەکارھێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە کاتێک مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە ڕووداوانە دەکەن، پابەند بن بە ، رووماڵنەکردنی شوێنی وردی كەوتنی مووشەك یان هێرشە سەربازییەکان.
یاخود بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیەک کە بتوانێت شوێن یان ئامانجی هێرشەکان ئاشکرا بکات.
زۆر گرنگە میدیاكان، تەنها پشتبەستووبن بە سەرچاوە فەرمییەکان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری لەوحاڵەتانەدا.
لە کۆتاییدا، پێویستە هەمووان بزانین کە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانیی تەنها بەرپرسیاری دامەزراوە ئاسایشییەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارییەکی هاوبەشی هەموو دامەزراوەکان و تاکەکانە، بەتایبەتی میدیا کە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕایگشتی، میزاج و دەروونی خەڵكەوە هەیە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییەكان.

102 جار خوێندراوەتەوە