پۆستەکەی بەرهەم ساڵح؛ دەستکەوتێکی تاکەکەسیی یان وەرچەرخانێکی مێژوویی




لە مێژووی هاوچەرخدا، کەم نەتەوە هەیە هێندەی کورد چەمکەکانی ئاوارەیی وکۆڕە و و پەنابەرێتی لەگەڵ یادەوەرییدا تێکەڵ بووبێت. هەربۆیە کاتێک باس لە وەرگرتنی پۆستی کۆمسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNHCR لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە دەکرێت، ئێمە تەنها لەبەردەم هەواڵێکی ئاسایی یان دەستکەوتێکی کەسی یان سیاسی و دیپلۆماسیدا نین، بەڵکو لەبەردەم وەرچەرخانێکی ئەخلاقیی گەورەداین لە ئاستی جیهانیدا. ئەمە ساتەوەختێکە کە قوربانی دەبێتە پارێزەر وناسنامەی نەتەوەیەک لە قاڵبی قوربانییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ قاڵبی سەرکردایەتیی جیهانی. 

ئەمە بە جیهان دەڵێت ئەو نەتەوەیەی پێویستی بە پاراستن بوو، ئەمڕۆ توانای هەیە رۆڵی هەبێت "جیهان بپارێزێت". هەربۆیە گرنگە بەرهم ساڵح لەوەبگات سەرکەوتنی لەم پۆستە سەنگێکی ئەخلاقیی بێوێنە دەبەخشێتە کورد و وەک نەتەوەیەکی خاوەن ئەزموون و پشوودرێژ دەیناسێنێت.

خۆ ئەگەر لە سۆنگەى دیپلۆماسی و بە تایبەتی لە روانگەى هێزی نەرمەوە تەماشایی بکەیت پۆستی کۆمسیاری پەنابەران یەکێکە لە پێنج گرنگترین پۆستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. کەسێک ئەم پۆستە وەردەگرێت کە متمانەی (ئەمریکا، چین، روسیا و یەکێتی ئەوروپا)ـی بەدەست هێنابێت.

کاتێک کوردێک ئەم متمانەیە وەردەگرێت، واتای ئەوەیە جیهان گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە کەسایەتیی کوردی گەیشتووەتە ئاستی کامڵبوونی سیاسی وئەکادیمی. ئەمە وێنەی کورد لە "شەڕکەرێکی شاخەوە" دەگۆڕێت بۆ "دیپلۆماتکارێکی جیهانی" کە دەتوانێت ئیدارەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان بدات. ئەم دانپێدانانە نێودەوڵەتییە، قورسایی دیپلۆماسیی کورد لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چەندین هێندە زیاد دەکات. 

لەلایەکی ترەوە هەرچەندە کۆمسیاری پەنابەران نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و دەبێت بێلایەن بێت، بەڵام بونی لەو پێگەیەدا دەبێتە بەشێک لە بازنەی بڕیاربەدەستانی جیهان و دەرگای بۆ دەکاتەوە بەمەبەستی بونیادنانی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی وڵاتە زلهێزەکان و بڕیار بەدەستانی جیهان دەکاتەوە. ئەمەش بۆخۆی دەرفەتێکە بۆ بەرهەم ساڵح وێنەی ڕاستەقینەی کێشە سیاسی ومرۆییەکانی نەتەوەکەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بگەیەنێتە ناوەندە جیهانییەکان. 

هەروەها دەتوانێت وابکات دۆسیەی کورد و ناوچەکە هەمیشە لەبەرچاو بێت و لە بیر نەکرێت. بەمەش دەتوانێت لۆبییەکی سروشتی بۆ کورد  لەم قۆناغە سەختەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات.

کورد بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە هەمیشە لەبەردەم مەترسیی ئەوەدایە ببێتە قوربانیی ململانێی وڵاتانی هەرێمی. بەتایبەت لەم قۆناغە ئاڵۆز و پرگێژاوە نوێیانەى رۆژهەڵاتی ناوەراست کورد روبەرووی ئاڵەنگاری و مەترسی نوێی (مانەوە و پاراستنی) بووەتەوە و هەرەشەى گەورەى لەسەرە بەتایبەت لە رۆژئاڤا، هەربۆیە  لێرەدا بوونی کەسێکی وەک بەرهەم ساڵح لە ترۆپکی UNHCR کە بە وردی شارەزای نەخشەی سیاسی و ئەمنی ناوچەکەیە، دەتوانێت وابکات دۆسیەی مرۆیی و سیاسی کورد لەژێر دوکەڵی شەڕەکانی تردا ون نەبێت.

لەلایەکی ترەوە  لەرووی پاراستنیشەوە (Protection) ئەم پۆستە دەسەڵاتی ئەوە دەبەخشێت بە بەرهەم ساڵح کە زەنگی مەترسی پیشوەختە (Early Warning System) لێبدات پێش ئەوەی کارەسات ڕووبدات، کە ئەمەش وەک جۆرێک لە پاراستنی نەرم  (Soft Protection) کار دەکات دژی هەر هەوڵێک بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا یان ئاوارەکردنی نوێ. 

لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین وەرگرتنی ئەم پۆستە لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، تەنها سەرکەوتنی تاکەکەسێک نییە، بەڵکو "سەلماندنی شایستەیی" نەتەوەیەکە. ئەمە بە جیهان دەڵێت کورد لە پلەی یەکەمی ڕووداوە جیهانییەکانە، نەک وەک تەماشاکەر، بەڵکو وەک ئەکتەرێکی سەرەکی، لێهاتوو و متمانەپێکراو ڕۆڵ دەگێرێت.

لەلایەکی تریشەوە ئەم پۆستە مۆرێکی یاسایی و نێودەوڵەتی لە ناسنامەی سیاسیی کورد دەدات.

 

لە سایتی پەنجەرە وەرگیراوە

29 جار خوێندراوەتەوە