دیوێکی تری قەیرانی کۆچبەران لە بیلاروسیا

دۆخی ئابوری و سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە چەند ساڵی رابردودا، هۆکارە بۆ هەڵهاتنی ژمارەیەکی زۆر لە گەنجان و لەگەڵیشدا ژمارەیەک لە خێزان بە دایک و باوک و منداڵ رویان لە بیلاروسیا کردوە بەئومێدی گەیشتنە سنورەکانی یەکێتی ئەوروپا، لەپێناوی زامنکردنی ژیانێکی شیاو بۆ منداڵەکانیان. ئەگەر ئەمە دیوێکی قەیرانی کۆچبەران بێت کە لەئێستادا لە بەردەرگای یەکێتی ئەوروپان و قەیرانێکی جیهانی خوڵقاندوە؛ ئەوا دیوێکی تری بەکارهێنانی کۆچبەرانە وەک فشاری سیاسی لە لایەن بیلاروسیا دژ بە یەکێتی ئەوروپا.

لە دوای هەڵبژاردنەوەی ئەلکساندەر لۆكاشینكۆی سەرۆکی بیلاروسیا بۆ جاری شەشەم بە سەرۆک لە مانگی ئابی ساڵی (2020) کە بەپێی دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە ناوبراو (80%)ى دەنگەکانی بەدەست هێنا و رکابەرەکەشی سڤیاتلانا تسیخانوسكایا تەنها (10%) بە دەستهێنا.

ئەمەش بوە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە مینسکی پایتەخت، لە دژی هەڵبژاردنەوەی لۆكاشینكۆ کە لە ساڵی (1994)ـەوە حوکمی ئەو وڵاتە دەکات، خۆپیشاندەران داوای وازهێنانی (دیکتاتۆری خۆسەپێن لۆكاشینكۆ)یان دەکرد، چونکە هەڵبژاردنەکەیان بە گزی و فێڵکردن دەبینی، هەربۆیە داوای هەڵبژاردنێکی نوێ و پاکیان دەکرد.

لە بەرامبەردا سەرۆکی هەڵبژێردراو سوپای خستە ئامادەباشی و لە رێگەی توندوتیژی؛ چ کوشتن و دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران بێت خۆپیشاندانەکانی دامرکاندەوە.

لەو سەروبەندەشدا یەکێتی ئەوروپا هەڵبژاردنەکەی بە فێڵکردن وەسفکرد و هەڵبژاردنەکەی بە پرۆسەی دانانەوەی سەرۆک ناوبرد، نەک هەڵبژاردنەوەی لەلایەن گەلەوە. هەروەها یەکێتی ئەوروپا ئەوەشی راگەیاند کە هەڵبژاردنەوەی ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ هیچ رەوایەتیەکی نییە.

لە سەروبەندی بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندانەکان، یەکێتی ئەوروپا داوی لە  لۆکاشینکۆ کرد کە توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران بەکارنەهێنێت و بەندکراوەکانیش ئازاد بکات، بەڵام لۆکاشینکۆ داواکانی ئەوروپای پشتگوێخست و لەگەڵ ئەوەشدا سوێندی دەستوری خوارد وەک سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوە.

سەرئەنجام ئەم روداوانە قەیرانێکی گەورەی لە نێوان ئەوروپا و بیلاروسیا دروست کرد، هەربۆیە یەکیتی ئەوروپا ژمارەیەک سزای بە سەر سەرۆک و ژمارەیەک لە سەرکردەی ئەو وڵاتە و چەند کۆمپانیاو دامەزراوەیەک سەپاند، بە پاساوی ناڕەوایەتی هەڵبژاردنەوەی ئەلکساندەر لۆکاشینۆ و بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران و پێشڵکردنی مافەکانی مرۆڤ.

 پەراوێزخستنی بیلاروسیا لە ئاستی نێودەوڵەتی فراونتر بوو دوای ئەوەی لە (23)ى ئایاری (2021) بە پاساوی بونی مادەی تەقینەوە لە فڕۆکەیەکی (ریان ئێر)ـی ئیرلەندی ناچار بە نیشتنەوە کرد لە مینسکی پایتەختی بیلاروسیا، بەڵام ئامانجەکە دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسی ئۆپۆزسیونی دەسەڵاتی بیلاروسیا (رامان بروتاسیڤیتش) کە سەرنشینی ئەو فڕۆکەیە بوو.

لە بەرامبەر سزاکانی یەکێتی ئەوروپا  و پەراوێزخستنی لە ئاستی نێودەوڵەتی ئەلکساندەر لۆکاشینکۆ هەڕەشەی ئەوەی لە ئەوروپا دا کە پەنا دەبات بۆ روسیا و چین بۆ ئەوەی ئەو شمەکانەی دەست بکەوێت کە ئەوروپا وەک سزا رێگە نادات بێتە ناو وڵاتەکەی، لە لایەکی تریشەوە هەڕەشەی بە کارهێنانی کۆچبەران کرد دژ بە ئەوروپا وتی "ئەوانەی وا تێگەیشتون ئێمە سنورەکانمان دادەخەین لەگەڵ پۆڵەندا و لیتوانیا ولاتیڤیا و ئۆکراین و وڵاتەکەمان دەکەین بە شوێنی نیشتەجێبونی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئێران و ئەفغانستان و عێراق لیبیا و سوریا  وتونس رو لە بیلاروسیا دەکەن، ئەوا بەهەڵەداچون چونکە ئەو کۆچبەرانە بۆ لای ئێمە نەهاتون بەڵکو بۆ ئەوروپا هاتون ".

کەواتە قەیرانی کۆچبەرانی لە بیلاروسیا کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سنورەکانی بێلاروسیا رویان کردوەتە پۆڵەندا کارتێکی سیاسی ئەلکساندەر لۆكاشینكۆ سەرۆکی بیلاروسیایە دژ بە سزاکانی ئەوروپا بەکاری دەهێنێت چ بۆ تۆڵەکردنەوە بێت یاخو ئەوروپا ناچار بکات کە سزاکانی لە سەر هەڵبگرن، رەنگە لەم کارەشیدا سودی لە ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا وەرگرتبێت کە لە چەند ساڵی رابردودا کۆچبەرانی وەك فشار دژ بە ئەوروپا بەکارهێنا.

540 جار خوێندراوەتەوە