کوردایەتی لەژێر چنگی حزبدا

نیشتیمان پەروەری؛ و میللەت پەروەری؛ دوو چەمکن کە ھەمیشە لە بازاڕی سیاسی ھەرێمدا ئامادەییان ھەیە؛ زۆرترین بەکارھێنەری ئەم دوو چەمکەش پارتی ە یەکێتی ە.
نە نیشتیمان ھی حزبە؛ نە میللەت؛ بە پێچەوانەوە؛ حزب دەبێت لە ھەناوی پێویستی سەردەم و قۆناغەکە لەدایک ببێت. کاری حزب ئەوە نیە ناسنامەی پاکی و ناپاکی بەسەر ھاونیشتیمانی؛ و ئەم حزب و ئەو حزبدا ببەخشێت؛ ئەمە کاری دادگایە؛ کە بە یاسا پێمان بڵێت؛ ئاخۆ کێ باشە و کێ جاشە.

پارتی و یەکێتی؛ دوو حزب؛ لە حوکمڕانیدا ھاوبەش؛ لە گەندەڵیدا ھاوبەش؛ لە خراپی ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیاندا ھاوبەش؛ لە ناپاکیدا ھاوبەش؛ سەرەڕای ئەمانەش یەکتر بە ناپاک ناودەبەن.

ناردنی بەشە بودجە بۆ پارێزگای ناڕازی؛ چەدەل و چەلەحانێی زۆری لەسەرکرا؛ قەوانی لەناوچونی قەوارەی ھەرێم درایەوە بەگوێی خەڵکدا؛ لە کاتێکدا کە ئەم قەوارەیە قەوارەیەکی دەستورییە؛ و مەترسی جدی و فعلی بۆ لەناوچونی ئەم قەوارەیە یەکێتی و پارتین؛ ئەگەر ئەم دوو حزبە لە خەمی پاراستنی قەوارەی ھەرێمن؛ پارتی بۆ بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشە بودجەی سلێمانی نانێرێت؟ ئەی ستافی یەکێتی لە حکومەت جگە لە بۆڵە بۆڵی ڕاگەیاندن چیتری کردوە بۆئەوەی حەقی سلێمانی بدرێت؟ بودجە لە بەغداوە بێتە ھەولێر دەستکەوت؛ و کوردایەتیە؛ بەڵام بەشە بودجەی سلێمانی لە بەغداوە بێت خیانەتە؛ دەبێ سڕی ئەمە چی بێت؟!

پێنسەیەکی سادەی سیاسەت بریتیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ واقعدا؛ لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق؛ سی ساڵە ئەم دوو حزبە پایەیەکی دەوڵەتیان بونیاد نەنا؛ سیاسەتی سەربەخۆی ئابوری؛ بوو بە ئیفلاسی ئابوری؛ بەناوی نیشتیمان پەروەرییەوە؛ زیاتر لە نیوەی خاکتان دۆڕاند؛ بەناوی حوکمڕانیەوە؛ حوکمڕانیتان شەرمەزارکرد؛ دیموکراسیتان ناشرینکرد؛ یاسا و دادگاتان زەرد و سەوز کرد؛ لە ڕاگەیاندنەوە دژن؛ لە بەرژەوەندیشا ھاوبەش؛ ئەم دیماگۆچیەت و  دەبڵ مۆڕاڵیە لای خەڵک ئاشکرایە؛ کە کۆتایی بەم عەقڵیەتەتان نەھێنن؛ ئایندەتان باش نابێت.

62 جار خوێندراوەتەوە