سێ دەیەمان تێپەڕاند لە حوکمڕانی کوردی؛ کەچی ھەندێک ڕەفتار لەدوای ئەم ماوەیە دووبارە
دەبنەوە و دەگەڕێینەوە سەرەتا؛ لەقۆناغەکانی شەڕی ناوخۆدا؛ دەستگیرکردنی کادر و لایەنگری
یەکتر سەری ھەڵدا؛ و ئێستاش درێژەی ھەیە؛ داڵدەدانی تۆمەتبار؛ و لە یاسا دەرچوەکان
لای ئەم دوو حزبە بەردەوامە؛ حزب ھەم دادگایە؛ ھەم دادوەر؛ ھەمیش حکومەت.
سەرۆکی حزب ھێز دروستدەکات؛ ھێز دەجوڵێنێ؛ تەدەخول
لە دۆسیەکانی گەندەڵی؛ و قاچاغچێتیدا دەکات؛ بەرپرسی یەکە کارگێڕیەکان دادەنێت؛ و
لادەبات؛ فەوزای ئیدارە و حوکمڕانی گەیشتوەتە ئاستێک؛ دامەزراوە یاساییەکان بەھایان
بۆ نەماوەتەوە.
لەسەرەتاوە بڕوامان وابوە؛ لەم ھەرێمە؛ یاسا و
دامەزراوە شەرعیەکان؛ حوکم ناکەن؛ حزب لەڕێگەی ھێزەوە تەحەکوم دەکات؛ بەڵام پێشتر
بەرپرسە حزبی و بەناو حکومیەکان لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ڕوکەشی ئەم دۆخەیان
کردبوو؛ بەوەی کە حکومەتێکی یەکگرتو ھەیە لە ھەرێم؛ بەڵام ئەم ڕوکەشکردنەش تەمەنی
کۆتایی ھاتوە؛ و دەوڵەتان ئاگاداری دۆخەکەن.
ھەنوکە لە قۆناغی دیل بە دیل دا دەژین؛ قۆناغی
ھەڕەشەکردن بە ئازادکردنی دیلەکان؛ ئەگەر لایەنی یەکەم دیلەکان ئازاد نەکات؛ ئەوا
لایەنی دووەم دەستەوستان نابێت؛ و کاردانەوەی دەبێت.
ھەلومەرجەکە لەناوخۆدا شی بوەتەوە؛ و لە لێواری
کەوتندایە؛ ئەوەی کە ھێشتویەتیەوە بەرژەوەندی وڵاتانی زلھێز؛ و ناوچەکەیە؛ لەلایەک؛
و لەلایەکی ترەوە نەبوونی ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینەیە؛ لەڕابردودا ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە ئامادەگی ھەبوو؛
بەڵام ئێستا لاوازبوە.
ئەگەرەکانی ئایندەی ھەرێم لە سێ سیناریۆ بەدەر
نیە؛
سیناریۆی یەکەم: بە یەکگرتویی و بەھێزبونەوەی ھەرێم؛
ئەم سیناریۆیە تاقیکرایەوە و شکستی ھێنا؛ بەڵکو دابەشبونەکە حیبرەکەی تۆختر بوویەوە.
سیناریۆی دووەم: دوو ئیدارەیی؛ ئەمە چەک و ھەڕەشەی
دەستی پارتی و یەکێتیە دژی یەکتر بەکاری دەھێنن؛ قۆناغی دوو ئیدارەیمان ئەگەر بەباشی
تیایدا نەژیابین؛ لێکەوتە و کاریگەریەکانیمان بینیوە؛ کە فەشەل و شورەییەکی گەورەیە
بۆ ھەرێم. حزب و کاربەدەستانی دوو ئیدارەیی؛ ھەمان حزب و کاربەدەستی حکومەتی
شکستخواردوی یەکگرتوبون.
سیناریۆی سێھەم:
ڕووخان و لەناوچوونی ئەم حکومەتە؛ ڕەنگە ئەم سیناریۆیە
بەھێزترین سینارۆ بێت؛ بە خوێندنەوەی واقعی ئێستا. چاکسازی ئەنجامنەدرا؛ و فەشەلی
ھێنا؛ کاتێکیش ھیوای چاکسازی نامێنێت؛ ڕێگەی تازە دەدۆزرێتەوە
401 جار خوێندراوەتەوە