دەستور، سیستمی سیاسی، و ناکۆکیە بنچینەییەکە

بابەتی دەستور، خاڵی ناکۆک و ململانێی نێوان ھێزە سیاسیەکانە، لە ڕابردوودا، خاڵی جەوھەری ململانێی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان، و پارتی بووە، بەتایبەت ئەم ناکۆکیە لە دیدی ھەر یەک لەم دوو ھێزە، بۆ جۆری سیستمی سیاسی ڕەنگیداوەتەوە، لە دیدی گۆڕاندا، پێویستە سیستمی سیاسی ھەرێم، سیستمی پەرلەمانی بێت، پارتیش پێی وایە دەبێت سیستمی سیاسی، سیستمی سەرۆکایەتی بێت، ئەم دوو بۆچونە جیاوازە لە سەر پرسی دەستور و سیستم، لە ساڵى (2015)دا، گەیشتە بنبەست، ئەنجامەکەی داخستنی پەرلەمان بوو لەلایەن  پارتیەوە.

لەکۆی ئەو شێوازی سیستمانەی کە ھەیە، لە ھەرێمی کوردستان، ھێزە سیاسیەکان دابەشبون بەسەر سیستمی پەرلەمانی و سیستمی سەرۆکایەتیدا، ھەریەک لەم دوو سیستمەش خاڵی بەھێز و لاوازیان ھەیە، بەڵام کاتێک باس لە ئامادەکردن و نوسینەوەی دەستور دەکرێت، نابێت بۆچونی حزبێک تیایدا زاڵ بێت، دەستور بۆ کۆمەڵگا دەنوسرێتەوە، وە دەبێت منسەجیم و تەریب بێت بە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری، وە نابێت دەستور زەمینەی بەریەککەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینی و فەرھەنگی فەراھەم کات. لایەنگرانی سیستمی پەرلەمانی پێیان وایە، لەم سیستمەدا ئیرادەی ھاوڵاتیان زیاتر ڕەنگدەداتەوە، چونکە نوێنەرەکانیان بەردەوام ئامادەییان ھەیە لە دەرکردنی یاسا و بڕیارەکاندا، وە کەمترین دەرفەت دەڕەخسێت بۆ دیکتاتۆریەت و ستەمکاری، بەتایبەت بۆ دەوڵەتانی جیھانی سێھەم، سیستمی پەرلەمانی گونجاوترین سیستمە، لایەنگرانی سیستمی سەرۆکایەتیش، پێیان وایە لەم سیستمەدا بڕیاردان خێراترە، بە تایبەت ئەو بڕیارانەی کە پەیوەندیان بە ئایندەی وڵاتەوە ھەیە، وە سەرۆک لە دیدی دەوڵەتانەوە، بەھێزتر دەردەکەوێت، چونکە ڕاستەوخۆ لەلایەن گەلەوە متمانەی پێدراوە، و پەرلەمانیش ناتوانێ لێپرسینەوەی لێبکات، ئەم خاڵە لای لایەنگرانی سیستمی سەرۆکایەتی خاڵی بەھێزە، و لای لایەنگرانی سیستمی پەرلەمانی جێگەی ڕەخنە و مەترسیە، چونکە کە دامەزراوەی پەرلەمان نەتوانێ لێپرسینەوە لە سەرۆک بکات، ئەوا بەرەو تاکڕەوی ھەنگاو دەنێت.

پارتی دەمێکە کار لەسەر جێگیرکردنی سیستمی سەرۆکایەتی دەکات، لەبەرامبەریشدا، کار بۆ لاوازکردن و بێ بایەخکردنی پەرلەمان و کاری پەرلەمانی دەکات، بە بەرنامە کار لەسەر شکاندنی شکۆی پەرلەمان دەکات، دەیەوێت وێنایەک دروست نەبێت کە خەڵک پەرلەمان، وەک مەرجەعی باڵای سیاسی و یاسایی ببینن، داخستنی پەرلەمان ھەنگاوی یەکەمی بوو، دواتر دانانی دەستەیەکی سەرۆکایەتی لاواز بۆ پەرلەمان، تەنانەت دانانی کەسی نا شایستە بە پەرلەمانتار، گوێ نەگرتنی حکومەت لە پەرلەمان، کۆمەڵێک ھەنگاون بۆ شکاندنی ئەم دامەزراوەیە، ئەمەش ئامانجێکی تری لە پشتە، کە بە خەڵک بڵێت، کە پەرلەمان دامەزراوەیەکی زیادەیە، و لەو ڕێگەیەوە سیستمی پەرلەمانیش بێ بایەخ دەکات. پارتی تۆڵە لە پەرلەمان دەکاتەوە، نایەوێت جارێکی تر پەرلەمانێکی ھاوشێوەی نێوان ساڵانی (2009 - 2015) ببینێتەوە.

پەلەکردنی پارتی لە نوسینەوەی دەستور لە ئێستادا، لە خەمخۆری نیە، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی سی ساڵەی نەبونی دەستور، بەڵکو دەیەوێت دەستورێک بنوسرێتەوە، بە ویستی پارتی، بۆ ئەمەش دەیەوێت سود لە دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی ببینێت، و فرسەت بھێنێت و لە ماوەیەکی کەمدا دەستور ئامادەبکرێت و بخرێتە ڕاپرسیەوە.

ئەگەرچی دەستور پایەی سەرەکی حوکمڕانیە، بەڵام نزیکی سێ دەیەیە، ئەم ھەرێمە بەبێ دەستور بەڕێوەدەبرێت، نەبونی دەستور، لە بونی دەستورێکی خراپ باشترە، ئەگەر دەستور، دەستورێکی ھاوچەرخ و مەدەنی نەبێت، و ماف و ئازادی ھاوڵاتیانی تیادا پارێزراو نەبێت، و تەبەنی سیستمێکی سیاسی باش نەکات، زەرورتی ھەبونی لەئارادا نیە.

379 جار خوێندراوەتەوە