چی گۆڕا؟

لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، تەوافوقێکی ئەتنی جێگەی ڕژێمی پێشوی گرتەوە، دابەشبونی سێ سەرۆکایەتیەکە بوەتە عورفێکی سیاسی، کورد سەرۆک کۆمار بە موڵکی خۆی، و شیعە سەرۆک وەزیران، و سونەش ھەرچەندە تێبینی ھەیە لەسەر سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، بەڵام بەھی خۆی دەزانێت.

 

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا، کۆمەلێک ھێز و حزبی سیاسی بەناوی تازەوە دروستبون، بەڵام ناوەڕۆک و بەرنامەیان ھەمان بەرنامەی حزبە تائیفیەکانە، و نەیانتوانیوە بەرنامەی حزبە تڕادیشناڵەکان تێپەڕێنن،  ئەگەرچی بە دروشم بەجیاواز خۆیان نمایش دەکەن، بەڵام لە مەیدانی کردەیدا، لەبەرگیراوەی ئەوانی ترن.

 

دیموکراسی بەرلەوەی شێوازی حوکمڕانی بێت، جۆرێکە لە کەلتور، کۆمەڵگەی عێراقی و حزبە سیاسیەکانی، بەم کەلتورە ئاشنانین، دیموکراسیەتی عێراقی، دیموکراسیەتێکی ھاوردە کراو، و بەسەردا سەپاوە، و حزبە سیاسیەکان ناتوانن مامەڵەیەکی تەندروستی لەگەڵدا بکەن، سەرەتایترین پرەنسیپی دیموکراسی کە ھەڵبژاردنە، تەزویری تێدادەکرێت، ھەر بەوەشەوە نەوەستاون، مامەڵە بە دەنگی پەرلەمانتارەوە دەکرێت.

 

ھەژدە ساڵە لە عێراق یەک ئەجێندا، حوکمی عێراق دەکات، ڕوخسارەکان و ناوەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام کارنامەکە ھەمان کارنامەیە.

 

ئەوەی لە ئێستادا بوەتە باس لە شەقامی عێراقی و ناوچەکەدا، پێکھێنانی حکومەتی ئەم جارەیە، کە موقتەدا سەدر جەخت لەسەر پێکھێنانی حکومەتی زۆرینە دەکاتەوە، بە ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی و سوننەکان، بەڵام ئایا ئەم حکومەتە لە حکومەتەکانی پێشوو جیاوازدەبێت؟  بێگومان نەخێر، چونکە حکومەتی پێشوش ھەر ئەم لایەنانە تیایدا بەشداربون، سەرۆکی پێشوی پەرلەمان وەک ئێستا محمد حەلبوسی بوو، قسە لەسەر مانەوەی بەرھەم ساڵح، و مستەفا کازمیش دەکرێت، کەواتە حکومەتی ئەم جارە چۆن جیاواز دەبێت؟ ئەو وەزارەتانەی لای موقتەدا سەدربون، ئەدایان خراپ بوو، پارتیش کە حوکمڕانی ڕەھای ھەرێمە، شکستی ھێناوە، دەتوانێت لە بەغدا چی بکات؟ 

 

ئەوەی کە ڕوودەدات مەسرەحیەکە، و گۆڕانکاری ڕیشەیی بەدوای خۆیدا ناھێنێت، ھەرکات توانرا تەجاوزی دیموکراسیەتی تەوافوقی و پشک پشکێنەی نەتەوەیی و مەزھەبی بکرێت، ئەوا دەکرێت  وەک ئاماژەی گۆڕانکاری سەیر بکرێت.

286 جار خوێندراوەتەوە