خاڵیبونەوەی شۆڕش لە بەھا

کە مێژووی شۆڕشەکانی دونیا دەخوێنیتەوە، بەشێکیان کە قۆناغی شۆڕشگێڕی تێدەپەڕێنن، و دەگەن بە ئامانج و ئەنجام، ھەندێک ئینحراف و لادان تیایاندا بەدی دەکرێت، بەشێکیشان بەتەواوی لەو پەیام و ئامانجانە دوورکەوتونەتەوە، کە شۆڕش لە پێناویاندا ھەڵگیرساوە.

شۆڕشەکانی باشوری کوردستان، سەرەڕای ئەو تێبینیە زانستیانەی کە لەسەر خودی چەمکەکە" شۆڕش" و شۆڕشگێڕی ھەیە، کە ئایا دەچنە چوارچێوەی شۆڕشەوە یاخود نا، تێبینی جدی لەسەر پەیام  و ئامانجەکانی ئەم شۆڕشانە ھەیە، لە باشوری کوردستان، بەناوی شۆڕش و شۆڕشگێڕیەوە سوکایەتی بە شۆڕش و نیشتیمان و نەتەوە کراوە و دەکرێت.

ھێزە شۆڕشگێڕەکان، لەقۆناغی خەباتی شاخدا، تا گەیشتن بە ڕاپەڕین، لەژێر چەتری شۆڕشدا، دەیان کاری نا ڕەوایان ئەنجامدا، و ناویان نا خۆراک و پێویستی خەبات.

پارتی و یەکێتی، لە سەردەمی حوکمڕانیاندا دوو دونیای جیاوازیان بۆ لەسەر ئەم ھەرێمە دروستکرد، دونیایەکی بەھەشتی بۆخۆیان، و جەھەنەمیش بۆ میللەت، ئەم دوو دونیا جیاوازە وایکرد، کە بەشێک لە خەڵک کە توانای ھەیە لە نیشتیمان ڕایکرد، بەشێکی تریش ناڕەزایەتی خۆی بە پۆستکردن تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، و کۆمێنت، دەردەبڕێت، بەشداری ھەڵبژاردن ناکات،و ھەندێک جار  خۆزگە بە ھاتنی داگیرکەر دەخوازێت، ھۆکارەکەشی توڕەییە لەم دەسەڵاتە فاسدە.

گرفتی گەورە ئەوەیە کە دەسەڵات گوێ لەو نیگەرانیە قوڵەی خەڵک ناگرێت، تێناگات کە خەڵک لەداخی ئەم دەسەڵاتە پشتی کردوەتە بەھا نیشتیمانی و نەتەوەییەکان.
ئێمە لەدوای ڕاپەڕینەوە،  لە قۆناغی تجریدی شۆڕش لە بەھادا دەژین، بەرھەمی شۆڕش بە خەڵک نەدرا، درا بە پیاوانی شاخ و خزم و گروپەکانیان.

کاتێک کە دادگای فیدڕالی بڕیارێک دژی ھەرێم دەردەکات، زۆرینەی خەڵک نیگەران نابێت بە بڕیارەکە، ھۆکارەکە ئەوە نیە خەڵک حەزی لەژێردەستەیی و داگیرکارییە، بەڵکو ڕقە لە پارتی و یەکێتی، کە وایانکردوە دوژمنەکانی دوێنێیان لا پەسەندتربێت لە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ.

556 جار خوێندراوەتەوە