پێش نیوەڕۆیەکی رۆژێکی
گەرمی مانگی ئابە، تیشکی خۆر ھەموو شتێکی لە گورزەیەک ڕووناکی سوتێنەر ھەڵکێشاوە،
لە پڕ ئەلقەیەک پاسەوان کە بازنەیەکیان بە دەوەری ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل کۆنی ڕەنگ ڕەساسی
دروست کردووە، ماتەم و کپی کوچە و کۆڵانەکانی
نەجەف نوقمی ھەرا و زەنا دەکات، لەناو ئۆتۆمبێلەکە پیاوێک کە سەرتاپا ڕەشی پۆشیوە
دەستی بەنیشانەی سەلام بەرزکر دەکاتەوە، بە
تیژڕەوی چەشنی پشوە بایەکی توڕە تێپەڕ دەبێت.
مەبەستی دیدار پێاوێکی
بەساڵداچووی سەروو نەود ساڵیە کە لە کۆڵانێکی تەنگبەری شەقامی (رسول)ی نەجەف لەناو
خانویەکی کۆندا ژیانێکی خاکیانە و سادە بەسەر دەبات، لە سیمایدا کەسێکی پەڕگیر و
داخراو دەخوێنرێتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا یەکێکە لەوانەی لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)ـەوە ڕۆڵێکی
بەرچاوی ھەبووە لە بونیادنانی عیراقی تازە
لەسەر بنەمای مەدەنیەت و دیموکراتیەت و مافەمانی مرۆڤ.
دیداری نێوان
موقتەدا سەدر و عەلی سیستانی بە تەنیا دیداری نێوان دوو کەسایەتی ئاینی ناسراو و
خاوەن پێگە نیە، بەڵکو قەبارەی دیدارەکە ڕووبەری دەسەڵات و دەستڕۆیشتویی کەسی تێدەپەڕێنێت و گوزارشتە لە دیداری دوو حەوزەی دینی تەواو لەیەکتر
جیاواز، حەوزەی دەنگدار و حەوزەی بێدەنگ، جیاوازی نێوان ئەم دوو حەوزەیە قوڵ و کەوناورایە
و دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەستی ھەر یەکە لەم دووانە بە قوتابخانەیەک کە بونیادی زانستی
و فقھی و مۆرالی جیاواز لەیەکتری دایان دەبڕێت، حەوزەی دەنگدار مەبەست لە پیادەکردنی
ڕەوتێکی بەرھەڵستییە لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵاتی و ئاینیدا، ھەرچی حەوزەی بێدەنگیشە
زیاتر مەیلی بەلای مەسایرە و تەقیەدایە و خۆی بەدوور دەگرێت لە پیادەکردنی ھەر چەشنە
بزاوتێکی بەرھەڵستی لە بوارەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە سیما دیارەکانی حەوزەی دەنگدار
لە کۆندا ھەر یەکە لە (محەمەد باقر سەدر و محەمەد محەمەد سادق سەدر) بوون لە ئێستاشدا
موقتەدا سەدر وەک ڕێبەری ئەم حەوزەیە دەردەکەوێت، ئەگەر چی ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت
کە موقتەدا سەدر نەریتی ئەو حەوزەیەشی تێپەڕاندووە، چونکە باوکی واتە (محەمەد محەمەد
سادق سەدر) و (محەمەد باقر سەدر) ھەوڵیانداوە کە نوخبە و خەڵک بە حەوزەوە پەیوەست
بکەن، بەڵام موقتەدا سەدر ھەوڵدەدات حەوزە بە دەسەڵاتەوە پەیوەست بکات، لە سیما دیارەکانی حەوزەی بێدەنگ لە کۆندا (ئەبو
قاسمی خوئی) بووە، لە ئێستاشدا عەلی سیستانیە.
ناکۆکی نێوان سەدرییەکان و سیستانی ڕیشەیەکی قوڵی ھەیە،
وەک چۆن دیدارەکانی ڕابردووی نێوانیان ھێزی ئەوەیان نەبووە لە مەودوای ئەم ناکۆکیانە
کەم بکەنەوە، ئەستەمە ئەم دیدارەش لە توانایدا بێت ئەم ناکۆکیانە کەم بکاتەوە، سەرەتای
ناکۆکی نێوان سەدرییەکان و سیستانی بۆ دوای کۆچی دوایی گەورە مەرجەعی شیعە (خوئی)
دەگەڕێتەوە، کاتێک نزیکەکانی ویستیان ڕاستەوخۆ لە دوای ئەوەوە سیستانی بکەن جێگرەوە
و مەرجەع، ئەمەش جۆرێک بوو لە کەمکردنەوە لە پێگەی (محەمەد محەمەد سادق سەدر) کە لەو
کاتەدا خاوەن پێگەیەکی دیاری ئاینی کۆمەڵایەتی بوو، لە قۆناغی دواتردا ناکۆکییەکان
دەگەنە لوتکە لەو قۆناغەی کە جێگرەوەی (خوئی) (عبد الاعلي السبزواري) کۆچی دوایی دەکات،
عەلی سیستانی جێگەی دەگرێتەوە، ھەر لەو قۆناغەدایە کە دەگوترێت لە سۆنگەی دژایەتیکردنی
سیستانیەوە (محەمەد محەمەد سادق سەدر) پێشنیارێکی
(سەدام حسێنی) قبوڵکردووە بۆ بوون بە مەرجەعی عەرەبی شیعەکانی عیراق دوای ئەوەی کە
( سيد محمد حسين آل بحر العلوم) ڕەتی
کردووە ئەم پێشنیارە قبوڵ بکات، ناکۆکییەکان بە جۆرێک قوڵن کە موقتەدا سەدر لە کتێبی
( العشق الأبدي في سيرة والدي) لە پاڵ تۆمەتبارکردنی ھەر یەکە لە ڕژێمی بەعس و ئەمریکا
و ئیسڕائیل، بەشێک لە لایەنگرەکانی حەوزەی دەرەوە تۆمەتبار دەکات بە تیرۆرکردنی باوکی.
لەڕووی جوگرافیەوە
ئەم ناکۆکیانە شاری نەجەف دەگرێتەوە، ھەڵبەت لە ناو شاری نەجەفیش، ھەموو گەڕەک
و ناوچەکان وەکو یەک نا، بۆ نمونە ناوچەکانی
(مەعالیف و حی رەحمە) لە نەجەف کەمتر ئەم
ناکۆکیانە کاریگەری لەسەریان ھەبووە، چونکە ئەم ناوچانە بە تەواوی بۆ سەدرییەکان یەکلایی
بوونەتەوە، قۆناغێکی تری ململانێی توندی نێوان سەدرییەکان و سیستانی بۆ ئەیلولی ساڵی
(٢٠٠٧) دەگەڕێتەوە، دروست لەو کاتەی بڵێسەی شەڕی ناوخۆی نێوان سەدرییەکان و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی خەریک بوو خانوو ئاواییەکانی نەجەف و کەربەلا
بکات بە خۆڵەمێش، لەو کاتەی کە ئەنجومەنی
باڵای ئیسلامی سیستانی وەک مەرجەعی خۆیان دەناسێنێت، نوێنەرێکی سیستانی تیرۆر دەکرێت،
لەبەر دوو ھۆکار سەدرییەکان وەک تۆمەتباری سەرەکی ئەم تیرۆرە پەنجەیان بۆ درێژ دەکرێت:
یەکەم: لەبەر ئەوەی
لەو کاتەدا سەدرییەکان و مەجلسی باڵای ئیسلامی لەشەڕدابوون دژی یەکتری، ڕاگەیاندی
سیستانی وەک مەرجەعی ئەنجومەنی باڵا، مانای پشتگیری بێ چەندوچوونی سیستانی دەگەیەنێت
بۆ ئەم حزبە، لەبەر ئەوە سەدرییەکان ویستویانە بەم تیرۆرە تۆڵەی خۆیان لە سیستانی
بکەنەوە.
دووەم: پێش ئەوەی
ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی لە عیراق سیستانی وەک مەرجەعی خۆیان ڕابگەیەنن، مەرجەعیان
تاران و وەلی فەقیھ بوو، دوور نیە سەدرییە لەو کاتە بە دەستلەپشتدانی ئێران بۆ تۆڵەکردنەوە
لە ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئەم کارەیان کردبێت.
فیدرالیزم یەکێکی ترە لەو بابەتانەی کە سەدر و سیستانی
تێیدا ناکۆکن، ئەگەر چی سیستانی بەڕوونی پشتگیری لە فیدرالیزم نەکردووە، جۆرێک لە
بێدەنگی سەبارەت بەم پرسە ھەڵبژاردووە، بەڵام دەگونجێت ئەم بێدەنگیەی سیستانی وەک
جۆرێک لە پشتگیری بۆ فیدرالیزم لێک بدرێتەوە، ھەرچی سەدرییەکانن لە سەرەتاوە دژی فیدرالی
بوون، وەک ھێما و ھۆکاری دابەشبوونی عیراق ئاماژەیان بۆ کردووە، لەگەرمەی شەڕی ناوخۆیی نێوان سوننە
و شیعە لە ساڵی (٢٠٠٧) لەگەڵ بەشێک لە لایەنە سونییەکان ڕێککەوتن دەکەن بۆ دژایەتی
فیدرالیزم.
لە ئێستادا کە
پرسی ھەمواری دەستور باسی لێوەدەکرێت، بە ناڕاستەوخۆ سەدر ھەوڵدات لە پاڵ داواکاریەکانی
تری، کار لەسەر پرسی ھەموارکردنەوەی دەستوریش بکات، بێگومان یەکێک لەو بابەتانەی کە
لە کاتی ھەمواری دەستوردا بە ئەگەری زۆر دەستی بۆ دەبرێت، مافەکانی ھەرێمی کوردستانە لەوانە فیدرالیزم، دوور نیە سەدر
نزیکی لە سیستانی وەک ھەلێک بەکاربھێنێت بۆ ئەوەی جۆرێک باوەڕی لا دروست بکات، کە
سیستانیش ھاوشێوەی خۆی پشت بکاتە فیدرالیزم و کار بۆ سیتەمێکی جێگرەوە بکات، لە
دۆخی گۆڕانی سیستەمی حوکم لە عیراقدا، ھیچ گەرەنتیەک بۆ ماف و ئەرکەکانی ھەرێم نابێت.
پرسێکی تری ناکۆک
لەنێوان سەدر و سیستانی حەشدی شەعبیە، دوای
ئەوەی کە سیستانی بڕیاری دا ھەر یەکە لە گروپەکانی ( كتائب الإمام علي، و كتائب
علي الأكبر ، فرقة العباس، لواء أنصار المرجعية) بخرێنە سەر وەزارەتی بەرگری عیراق،
بەڵام موقتەدا سەدر تا ئەم کاتەش نە پابەندی ئەم بڕیارە بووە و نەخۆی بڕیارێکی
ھاوشێوەی سیستانی دەرکردووە بۆ ئەوەی سراریا سلام ببێت بە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری
عیراق، ئەمەش دەرخەری جیاوازی نێوان سەدر و سیستانیە لە پرسی حەشدی شەعبیدا، چونکە
سیستانی لەگەڵ ئەوەدایە کە حەشدی شەعبی وەک ڕێکخراوێکی سەربازی سەربەخۆ درێژە بەکارەکانی
نەدات و ھەرچی زووترە ببێت بە بەشێک لە وەزارەتی بەرگری عیراق، بەڵام سەدر تا ئەم
ساتەش ئامادە نیە سرایا سلام پەیوەست بکات بە دام و دەزگاکانی حکومەت لەوانە وەزارەتی بەرگری، سەبارەت بە حەشدی شەعبی سیستانی تەنیا لەگەڵ سەدر
ناکۆک نیە، بەڵکو لەگەڵ سەرکردەی گروپەکانی تری حەشدی شەعبیش ناکۆکی ھەبووە، بۆ
نمونە کاتی خۆی وەزارەتی بەرگری عیراق ڕەزامەندی نیشان دا لەسەر خەرجکردنی مووچەی
(١٣٠٠٠) ئەندامی گروپەکانی حەشدی شەعبی نزیک لە سیستانی، بەڵام ئەبو مەھدی موھەندیس
تەنیا ڕەزامەندی دا لەسەر خەرجکردنی مووچەی (٤٨٠٠) کەس، ئەمەش ناکۆکیەکی توندی لەنێوان سیستانی و ئەبو مەھدی موھەندیس لێ کەوتەوە.
یەکلایی نەکردنەوەی
پرسی حەشدی شەعبی لەنێوان سیستانی و سەدر کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر ھەرێمی
کوردستان، چونکە مانەوەی حەشدی شەعبی بە ناڕێکخراوی و لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکانی
حکومەتی عیراق دوور نیە حەشدی شەعبی بکاتە لایەنێکی کاریگەری لە ناکۆکییەکانی نێوان
ھەرێم و بەغدا ، ھاوشێوەی ڕووداوەکانی شانزەی ئۆکتۆبەر لە داھاتووشدا حەشدی شەعبی
لەم ناکۆکیانە تێوەبگلێت.
پرسێکی تر کە دەکرێت
جێگەی گرنگی ھەردوولا بێت، پرسی نەوت و غازە، سەدرییەکان دەمێکە دونیابینی خۆیان لەسەر ئەم پرسە بەیان کردووە، کاتێک
لە ساڵی (٢٠٠٧) دژی ڕەشنووسی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وەستانەوە،
ئەم دژە کردەوەی سەدرییەکان لەو کاتەدا پێمان دەڵێت: سەدرییەکان وەک بابەتێکی تەواو
پەیوەست بە حکومەتی ناوەندی لە پرسی نەوت و غاز دەڕوانن، ئامادە نین ھەرێم و پارێزگاکان
خاوەن ھیچ دەسەڵات و دەستکراوەیەک بن لەم بارەیەوە.
پرسی کۆتایی کە
دەکرێت وەک یەکێک لە ھۆکارەکانی دیداری نێوان سیستانی و سەدر لە ئێستادا ئاماژەی
بکەین ئەوەیە کە لە ئێستادا سەدر بەچڕی ھەوڵدەدات
ڕێگە لە دووبارە گەڕانەوەی مالکی بگرێت، پێیوستی بە سیستانی ھەیە، چونکە سەدر دەزانێت
یەکێک لە نەیارەکانی مالکی سیستانیە، ھەر ئەویش بوو لە ساڵی (٢٠١٤) ڕێگری کرد لەوەی
مالکی بۆ جاری سێیەم پۆستی سەرۆک وەزیران وەربگرێتەوە، کاتێک لەو ساڵەدا سیستانی
نامەیەکی بۆ سەرکردەکانی حزبی دەعوە نارد، لە نامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە عیراق
پێویستی بە سەرۆک وەزیرانێکی تازە ھەیە، ئەمەش بە ناڕاستەوخۆ واتە ڕێگریکردن لە
مالکی بۆ ئەوەی بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.
366 جار خوێندراوەتەوە