ئاماژەکانی پشت ھێرشی داعش بۆ سەر گرتوخانەی غویران لە حەسەکە

ھێرشی داعش بۆ سەر گرتوخانەی غویران لە کاتێکدایە کە لە ساڵی (2019)ـەوەن ئەو رێکخراوە ھیچ شوێنکی لە عێراق  و سوریا لەژێر دەست نەماوە، بەڵام تائێستاش بەشێوەی تاک و تەرا لێرە و لەوێ دەست بۆ ئەنجامدانی ھێرش و کردەوەی تیرۆرستی دەبات.

دواین ھێرشی رێکخراوەکە لە عێراق دوو ڕۆژ پێش ئێستا بوو لە رۆژھەڵاتی بەغدا لە ناوچەی عوزێمی پارێزگای دیالە کە لە ئەنجامدا (11) سەربازی سوپای عیراق کوژران، دواین ھێرشی رێکخراوەکەش لە سوریا ھێرش بوو بۆ سەر گرتوخانەی غویران لە حەسکە.

مێژوی داعش ھەر لە دەستپێکەوە بە ھێرش بۆ سەر گرتوخانەکان دەستپێدەکات، لە فەرھەنگی سیاسی داعش ھێرش بۆ سەر گرتوخانەکان مانا و دەلالەتی خۆی ھەیە، بە جۆرێک قۆناغی دوای ئەو ھێرشانە رێکخراوەکە جوڵە و کردەوەی جیاوازی ئەنجامداوە.

بۆ نمونە دەستپێکی سەرھەڵدانی داعش لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ھێرشی ژمارەیەک چەکدار بۆ سەر گرتوخانەی ئەبوغرێب، کە لە ئەنجامدا (500) بەندکراو ھەڵھاتن، زیاتر لە (150)ی تریش کوژران، لەناو ھەڵاتوەکاندا (عەبدولرەحمان بیلاوی) ھەبوو کە دواتر دەبێتە کەسی دووەمی ڕێکخراوەکە.

دوای ئەم ھێرشە بۆ سەر گرتوخانەی ئەبوغرێب، ھێرش بۆ سەر چەند گرتوخانەیەکی تریش ئەنجام دران، لەوانە گرتوخانەی بەسرە و غەزلانی لە موسل و گرتوخانەی تسفیرات لە تکریت و گرتوخانەی تاجی.

یەکێکی تر لە ھێرشی داعش بۆ سەر گرتوخانەکان ھێرشی بوو بۆ سەر گرتوخانەی بادۆش لە موسڵ، کە وەک دەگوترێت لە سەرەتاوە ئامانجی ھێرشی داعش بۆ سەر موسڵ ئەو گرتوخانەیە بووە، بەڵام دوای ئەوەی ڕێکخراوەکە (300) چەکداری ئامادە کردووە، بەشێوەی چاوەڕواننەکراو ئامانجی رێکخراوەکە گۆڕاوە بۆ داگیرکردنی موسڵ بە تایبەت دوای ئەوەی (30) ھەزار ئەندامی ھێزە چەکدارەکان لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا پاشەکشەیان کرد، لەوانە لیوای (16) و فرقەی (12) لیوای (6) و فرقەی (2) و (3)، ھەڵبەت پێش کەوتنی موسڵ سێ فرقە بەرەو ئەنبار جوڵەیان پێ کرا بوو، لەوانە فرقەی (9) و (10)و (14).

ھێرشی ئێستای داعشیش بۆ سەر گرتوخانەی غویران ھەڵگری ئاماژە و دەلالەتی خۆیەتی دەکرێت ئاماژە بێت بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێی چالاکییەکانی ئەم رێکخراوە بە پشتگیری دەوڵەتانی ناوچەکە.

717 جار خوێندراوەتەوە