لە شەڕی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئیسڕائیل جۆرێک هاوکێشە ڕەنگڕێژ بووە، کە پەیوەندیەکی پێچەوانەی لەنێوان کاردانەوەکانی هەر دوو لا چێکردووە، بە جۆرێک کاتێک ئیسرائیل لە عیراقەوە دووچاری هێرش دەبێت، لە سوریا کاردانەوە نیشان دەدات و کاتێک ئێران لە سوریا هێرشی دەکرێتەسەر، لە عیراق کاردانەوە نیشان دەدات، زۆربەی جاریش ئەم کاردانەوە لەسەر خاکی هەرێم بووە.
دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) سوریا، ستراتیژی هەر یەکە لە ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو و ڕوسیا و ئێران و ئیسڕائیل لەناو سوریا بە دوو قۆناغدا تێپەڕبووە، قۆناغی یەکەم قۆناغی شەڕی بەرژەوەندیە، لەم قۆناغەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کاردەکەن بۆ سەرنەگونکردنی ڕژێمی ئەسەد وەک ڕژێمێکی ناسیۆنالستی تۆتالیتار کە پاشماوەی ویست و سیاسەتەکانی بەریتانیە لە ناوچەکە، سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ناوچەکە لەسەر بنەمایەکی تر کە بەشێک لە سیماکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی تازە لەخۆی بگرێت.
هەرچی ڕووسیایە لەم قۆناغەدا بە ئامانجی ڕێگری لە پڕۆژەی گواستنەوەی غازی ئیسرائیل و قەتەر لە ڕێگەی ئوردن و سوریاوە بۆ تورکیا و لەوێوە بۆ ئەوروپا، دوای ڕووداوەکانی ساڵی (٢٠١١) سوریا و تێکچوونی ڕەوشی ناوخۆی ئەو وڵاتە، ئەو گروپانەی ئەو کاتە لە ئەمریکا و قەتەرەوە نزیک بوون، ڕاستەوخۆ کاریان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بڕیارە پڕۆژەی ئەم بۆریەی پێدا تێپەڕ بێت لە باکوری سوریا لە ناوچەکانی (حمس،ریفی دیمەشق) دواتر کاریان کرد بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە بڕیارە ھێڵی یەکەم و دووەمی ئەم بۆریەی پێدا تێپەڕ بێت، لە سەرەتادا کار کرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە بڕیارە ھێڵی یەکەمی پێدا تێپەڕ بێت واتە ناوچەکانی(ڕۆژھەڵاتی ریفی دیمەشق، ڕێگای ریفی دیمەشق و تدمور، تا دەگاتە حوارین بە درێژایی ٣٠کم، دواتر بۆ حمس و تلبیس و رستن و تا دەگات بە شارەکانی ترابلس و لازقیە) ھەرچی ھێڵی دووەمە (لە باکوری سوریاوە بۆ حمس و حما و عبرەی نعمان لە پارێزگای ئیدلیب لە نزیک سنورەکانی تورکیا)
هەرچی ئیسڕائیلە لەم قۆناغەدا بە ئامانجی لێدان لە حزب للە دەبێت بە بەشێک لە ڕووداوەکانی سوریا و بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری ئەو گروپانە دەکات کە هەوڵدەدەن لە ڕێگای ناوچەی قەسیرەوە بگەنە لوبنان بە تایبەت ئەو ناوچانەی کە لەژێردەستی حزب للە دایە، جگە لەم ئامانجە زاڵبوون بەسەر ناوچەی قەسیر کۆمەڵێک ئامانجی تری هەبوو، لەوانە: پچڕاندنی پەیوەندی نێوان دیمەشق و حمس، هەروەها توندکردنی بازنەی گەمارۆی سەر حمس.
هەرچی ئێرانە لەم قۆناغەدا بە ئامانجی بەرگریکردن لە ڕژێمی ئەسەد دەبێت بە بەشێک لە ڕووداوەکان، حسین ئەمیر عەبدوڵاهیان کە ئێستا وەزیری دەرەوەی ئێرانە لە لاپەڕە (٢٢٧) بیرەوەرییەکانی خۆی کە لەژێر ناوی (صبح شام) چاپی کردووە، دەنووسێت: کاتێک لە گەرمەی ڕووداوەکانی سوریا بە ئامانجی دیداری بەشار ئەسەد سەفەری دیمەشقمان کرد، لەو کاتەدا ڕەوشی حکومەتەکەی بەشار ئەوەندە خراپ بوو هەتا نەی دەتوانی ئاسایشی نزیک فڕۆکەخانەش دابین بکات، لە دە پانزە مەتری فڕۆکەخانە و ئەو هۆتێلەی جێگەی مانەوەمان بوو، دەیان گولە تۆپ و هاوەن دەکەوتن بە زەویدا.
قۆناغی دووەمی ستراتیژی ئەم وڵاتانەی لەسەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا لە پەیوەست بە ڕووداوەکانی سوریا قۆناغی شەڕی بە وەکالەتە، لەم قۆناغەدا سوریا دەبێت بە مەیدانی شەڕی نێوان حەشدی شەعبی و ئەمریکا، کە مەنزڵگای سەرەکی خۆی عیراقە، هەر لەم قۆناغەدا شەڕی بە وەکالەتی نێوان ئێران و ئیسڕائیل بە تایبەت دوای شەڕی حەماس و ئیسڕائیل گەرمتر دەبێت، شەڕی ڕوسیا و گروپە تیرۆرستیەکان بەشێکی تری وێنەی تەواوکاری ئەم قۆناغەیە.
دوای کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران لە سوریا، کاردانەوەی ئێران چی دەبێت و لە کوێ دەبێت؟ بە ئەزمون دەرکەوتوە کاتێک ئیسرائیل لە سوریا زەبر لە ئێران دەدات ئێران هەوڵدەدات تۆڵە و کاردانەوەکەی ڕابکێشێتە ناوخۆی عیراق، هۆکاری ئەمەش بەشێکی پەیوەندی بە ئامادەگی ڕوسیاوەیە لە سوریا، ڕوسیا ڕێگە بە ئێران نادات خاکی سوریا بۆ لێدان لە ئیسڕائیل بەکاربهێنێت، ڕوسیا تا ئەو ئاستە پاراستنی بەرژەوەندی ئیسڕائیلی بۆ گرنگە کاتێک شەڕی ڕوس و ئۆکراین دەستی پێکرد، ڕوسیا بەشێک لە هێزەکانی لە ناوەڕاستی سوریا کشاندەوە، بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای سوریا کە ناوچەیەکی گرنگە بۆ ئیسرائیل درێژەی بە مانەوەی خۆی دا، جگە لە کاردانەوەی سەربازی کە دەکرێت ئێران لە تۆڵەی ئەم هێرشە پەنای بۆ ببات، لەسەر ئاستی سیاسی عیراق دەکرێت زیاتر کاریگەری ئێران ببنین، بە تایبەت کە لە ئێستادا چوارچێوەی هەماهەنگی دووچاری ناکۆکی زۆر بووە، لەناو حەشدی شەعبیشدا ناکۆکی لەنێوان عەسائیب و سەرۆکی دەستەی حەشد قوڵتر بۆتەوە، دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش ناکۆکی نێوان دەوڵەتی یاسا و ڕێکخراوی بەدری بە تایبەت لە پارێزگای دیالە قوڵترکردۆتەوە.
پرسێک کە لە ئێستادا لە عیراق گەرمە ، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، مالکی و هاوپەیمانەکانی هەوڵدەدەن پێش زیاتر کاریگەربوونی سودانی و زیادبوونی ڕێژەی جەماوەرەکەی، هەڵبژاردنی پێشوەخت بە یاسایەکی تازە ئەنجام بدەن، ڕێگە نەدەن سودانی پێگەی سەرۆک وەزیری و دەستکەوتەکانی بکات بە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاماژەی پێبکەم ڕۆڵی ئێرانە لەم پرسەدا، ئایا لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەخت و لابردنی سودانیە یان نا، لەدوای ساڵی (٢٠٠٣) هەر سەرۆک وەزیرانێک ڕاستەوخۆ سەر بە ئێران نەبووبێت، ڕێگەی پێ نەدراوە خوولی دووەم ببێتەوە سەرۆک وەزیران، ئەگەر سودانیش مەدوای خۆی لەگەڵ ئێران زیاتر بکات و بە ئاراستەی ئەمریکا و وڵاتانی کەندا هەنگاو بنێت، ئێران دەبێت بە بەشێک لەو فشارانەی کە بۆ هەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکرێن.
241 جار خوێندراوەتەوە