بۆ یەکەم جار وێنەی
زالمای خەلیلزاد نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفغانستان و مەلا برادەر ئەندامی
مەکتەبی سیاسی تالیبان و بەرپرسی کاروباری سیاسی ئەو بزوتنەوەیە لە رۆژی (29/2/2020)
لە دەوحەی قەتەر لە کاتی واژۆکردنی رێککەوتنامەی نێوان ئەمەریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان
بڵاوبوویەوە. ئەو رێککەوتنەی کە کۆتایی ھێنا بە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری نێوانیان
هێنا کە ھەژدە ساڵی خایاند.
دەقی رێککەوتنەکە
لە سێ بەش پێکدێت و گرنگترین بەشی رێککەوتنەکە کشانەوەی سەربازی ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانیەتی
لە ماوەی (14) مانگ و ئازادکردنی نزیکەی شەش ھەزار زیندانی تاڵیبانە، لەبەرامبەردا
تالیبان پابەند دەکرێت بەوەی خاکی ئەفغانستان بەکارنەھێنێت بۆ ھێرشکردنەسەر بەرژەوەندی
ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی.
ئەم رێککەوتنە کۆتایی
ھێنا بە شەڕێک کە لە رووی داراییەوە زیاتر لە (822) ملیار دۆلار لەسەر ئەمەریکا کەوت،
لە روی زیانی مرۆیشەوە (2300) سەربازی ئەمریکی کوژراون و (20660) سەربازیش بریندار
بوون.
حەشدی شەعبی و
تاڵیبان تەنیا لە دژایەتی ئەمەریکا ھاوبەش نین، بەڵکو لە پێکھاتە و کارکردنیشتان جۆرێک
لەیەکچوون ھەیە، ئەگەر سەیری پێکھاتەی تاڵیبان بکەین پێش گەیشتن بە دەسەڵات ئەندامەکانی
بەسەر سێ گروپی سەرەکی دابەش بوو بوون: حزبی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی مەولوی خالس،
بزوتنەوەی شۆڕشی ئیسلامی بە سەرۆکایەتی مەولوی محمدی ، بزوتنەوەی شۆڕشی ئیسلامی بە
سەرۆکایەتی مەولوی نصرالله ، بەڵام دوای ساڵی (2001) بەسەر سێ گروپی سەرەکی دابەش
بوو لەوانە: گروپی جيش المسلمين، گروپی خدام الفرقان، گروپی تاڵیبانی کلاسیک، دوو
گرپەکەی یەکەمیان تاڕادەیەک یان بێ کاریگەر کرابوون یان لەگەڵ دیالۆگ و گفتوگۆ
بوون لەگەڵ حکومەتی ئەفغانستان و ئەمەریکا.
ھەرچی پێکھاتەی
ئەو گروپانەیە کە لە ئێستادا حەشدی شەعبی
پێک دەھێنن پێش ساڵی (2014) بەم شێوەیە بوو: (عصائب اهل الحق، كتائب حزب الله،
حركة النجباء، سرايا السلام، سرايا الخراساني).
دەکرێت بگوترێ لەم
گروپە چەکدارانە تەنیا گروپەکەی موقتەدا سەدر لە دوای ساڵی (2008)ەوە لە ئەمەریکاوە
نزیکن و دژایەتی ناکەن.
دوای ساڵی (2014)
حەشدی شەعبی دروست دەبێت کە پێکھاتووە لە (164) گروپی جیاواز، لە کۆی ئەم گروپانە
(67)یان شیعەن و (43) گروپیان سونین و (9) گروپیان لە پێکھاتەکانی ترن.
لەو (67) گروپە
شیعەیەی ناو حەشدی شەعبی (44) گروپیان سەر بە بەرەی مقاوەمەن و لە ئێران نزیکن، (17)
گروپی تریان سەر بە سیستانین، (6) گروپی تریان سەر بە مەرجەعیاتی ترن.
ئەوەی لەم
گروپانە بە روونی دژایەتی ئەمەریکا دەکات گروپەکانی سەر بەبەرەی مقاومەن، ھەرچی
دوو گرپەکەی ترە بێدەنگن، ھاوشێوەی بزوتنەوەی تاڵیبان کە تەنیا گروپی سێیەم بە روونی
دژایەتی ئەمەریکای دەکرد، گروپەکانی یەکەم و دووەم یان بێکاریگەر کرابوون یان کەمتر
لەو دژایەتیە بەشدار بوون.
لەناو ئەو
گروپانەی حەشدی شەعبی کە لە بەرەی مقامەوەن سێ گروپیان لە ئێستادا لە رووی قەبارە
و ئەو ھێرشانەی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ئەنجامی دەدەن لەوانی تر لە پێشترن:
كتائب سيد الشهداء، كتائب حزب الله، النجباء.
لەو ھێرشانەی لە
ئێستادا دەکرێتە سەر بەرژەوەندی ئەمەریکا لە سوریا و عیراق و ھەرێمی کوردستان زیاتر
پەنجەی تۆمەت ئاراستەی كتائب سيد الشهداء دەکرێت، ئەو گروپەی ساڵی (2013) لە كتائب
حزب الله جیا دەبێتەوە، لە ساڵی (٢٠١٤) ھەڕەشەی لە سعودیە و لە ساڵی (2018) ھەڕەشەی
لە سوپای یەمەن کرد، لە سوریا لە ناوچەکانی ريف ديمشق، بوكمال، نزیکی تنف نیشتەجێن،
لە عیراقیش لە دەشتی نەینەوا و قائم لە پارێزگای ئەنبار و بەغداد نیشتەجێن و وەک
باس دەکرێت ژمارەیان نزیکەی چوار ھەزار چەکدارە.
ئەو ھێرشانەی ئێستا
ئەم گروپانە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا ئەنجامی دەدەن دەکرێت خوێندنەوەی جۆراو
جۆری بۆ بکرێت، بەڵام دەکرێت بەشێکی زۆری ھۆکاری چڕبوونەوەی ئەم ھێرشانە لە ئێستادا
بۆ دروستکردنی فشار بێت لەسەر ئیدارەی ئەمەریکا بۆ ئەوەی ناچار بێت بە رێککەوتن لەگەڵ
لایەنە عیراقییەکان بە تایبەت حەشدی شەعبی لە عێراق بکشێتەوە.
ئەمریکا لە ئەفغانستان
دەکشێتەوە سەرباری ئەو زیانە ئابوری و گیانیانەی لێی کەوتووە، لەگەڵ ئەوەی ئەفغانستان
لە ڕووی جیۆپۆلتیکیەوە بایەخێکی گرنگی بۆ ئەمریکا ھەیە و سنوری ھاوبەشی نێوان ئەفغانستان
و چین کە وڵاتێکی رکابەری ئەمەریکایە (76) کیلۆمەترە لە لایەکی تر سنوری ھاوبەشی نێوان
ئەفغانستان و ئێران کە وڵاتێکی دژبەری ئەمریکایە (945) کیلۆمەترە.
لە کاتێکدا ئەگەر
لەم ڕوەوە سەیری بکەین لەئێستا عیراق ئەو گرنگە جیۆپۆلیتیکەی بۆ ئەمەریکا نیە. عیراق
تەنیا (1200) کیلۆمەتر سنوری ھاوبەشی لەگەڵ ئیران ھەیە.
1184 جار خوێندراوەتەوە