نوێژی هەینی موقتەدا سەدر لە ئێستادا بۆ؟

لەم نووسینەدا نامەوێت باس لە ڕەهەندی سیاسی و ئێستایی نوێژی هەینی لایەنگرانی موقتەدا سەدر بکەم، ئەم باسە هەڵدەگرم بۆ نووسینێکی تر، ئەوەی مەبەستمە لەم نووسینەدا بەرچاوی بخەم، بەشێکی کەمە لە ژیان و بیروباوەڕەکانی ئەو پیاوەی سەرچاوەی هەموو ئایدیا سیاسیی و ئاینی و کۆمەڵاتییەکانی موقتەدا سەدرە، بە جۆرێک بێ ناسینی ئەم پیاوە ئەستەمە قسە   لە ناسینی موقتەدا سەدر بکەن، ئەو پیاوەش خوالێخۆش بوو (محەمەد محەمەد سادق سەدر) باوکی موقتەدا سەدرە، ئەم پیاوە نەک هەر خۆی مەرجەعێکی گەورەی شیعەکان بووە، بەڵکو باپیریشی واتە باوکی دایکی (شێخ محەمەد ڕەزا ئال یاسین) یەکێک بووە لە مەرجەعە گەورە و دیارەکانی شیعە، دواتر (محەمەد باقر سەدر) دەبێت بە یەکێک مەرجع و پیاوە دیارەکان دوای ئەویش ( محەمەد محەمەد سادق سەدر) جێگەی دەگرێتەوە، لەدوای تیرۆکردنییەوە موقتەدا سەدر بوو بە میراتگری حەوزە و مەزهەب و مەرجەعیەت.

ئەم پیاوە بەجۆرێک کاریگەری لەسەر ژیانی سیاسی و ئاینی موقتەدا سەدر هەیە کە ئەگەر نوێژی هەینی ئەمڕۆ لە چوارچێوە زەمانیەکەی دەربهێنین  و دای ببڕین لەو پەیامە سیاسیەی کە لە ئێستادا هەڵگریەتی، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارە بە ژیانی (محەمەد محەمەد سادق سەدرە) ەوە، چونکە ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی ئەنجامدانی یەکەم نوێژی هەینە لە مزگەوتی کوفە لە لایەن ( محەمەد محەمەد سادق سەدرە)ەوە، کە بەپێی دیدی موقتەدا سەدر و شوێنکەوتوانی تری سەدر، یەکەم کەس بووە دوای (عەلی بن ئەبی تالیب) نوێژی هەینی لەم مزگەوتە ئەنجام داوە، لەسەردەمی (محەمەد محەمەد سادق سەدرە) دا  دا ژمارەی ئیمامەکانی نوێژی هەینی گەیشتووە بە (٨٠) ئیمام، لە هەموو پارێزگاکانی عیراق نوێژی هەینی ئەنجام دراوە، جگە لە کەرکوک و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەم نوێژە جیا لەوەی وەک سروتێکی ئاینی گرنگ و بایەخی خۆی هەیە، بەڵام لە سەردەمی خۆیدا خاڵی نەبووە لە پەیام و ئاماژەی سیاسی،  ئەم نوێژە لە زۆر سەرچاوە وەک دەستپێکی سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی شەقام ئاماژەی بۆ کراوە.

هەر (محەمەد محەمەد سادق سەدر) بوو کە ئایدی پۆشینی کفنی پەیوەست کرد بە نوێژی هەینی، پۆشینی کفن لە دیدی ئەودا ئاماژەیە بۆ:
- ئاماژەیە بۆ خۆتەرخانکردن بۆ خوا و ئامانجە بەرزەکانی ئیسلام.
- ئاماژەیە بۆ ئامادەبوون بۆ مردن لە پێناوی هێنانەدی ئامانجەکان.
- ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو کەسەی کفنەکە دەپۆشێت ئەگەر هەیە لە هەر کات و ساتێکدا ڕووبەڕووی کوشتن و تیرۆکردن ببێتەوە.


لە دیدی زۆرێک لەوانەی کە لێکۆڵێنەوەیان لەسەر ژیانی (محەمەد محەمەد سادق سەدر) کردووە، وای دەبینن، ئەنجامدانی نوێژی هەینی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی تیرۆکردنی بووە، چونکە هەوڵی داوە لەم ڕێگەیەوە دژایەتی زوڵ و نادادی بەعسییەکان بکات، هەڵبەت جگە لە ئەنجامدانی نوێژی هەینی لە کۆمەڵێک ڕێگای تروە دژایەتی ڕژێمی بەعسی کردووە، لەوانە:
- ڕاگەیاندنی ویلایەت.
- دامەزراندنی مەحکەمەی شەرعی.
- دژایەتیکردنی ئاشکرای ڕژێمی بەعس بە تایبەت دوای ئەوەی ڕێگری کرد لە چوون بۆ کەربەلا لە شەعبانیە.
- داوای لە فەرمانبەرانی دەوڵەت کرد، ئەوانەی لە دام و دەزگاکانی حزبی بەعس کاریان دەکرد تەوبە بکەن.
- ناردنی (جەعفەر سەدر) وەک نوێنەری خۆی بۆ ئێران، ئەم کارەش لەو کاتەدا وەک دژایەتی ڕاستەوخۆ و بێ پێچ و پەنای ڕژێمی بەعس لێکدەدرایەوە.
- پاڵپشتی لە هەندێک جوڵانەوەی سیاسی نەیاری حزبی بەعس لەناوخۆ و  دەرەوەی عیراق.

وەک دەگوترێت (محەمەد محەمەد سادق سەدر) زۆر کەسێکی خاکی و دونیا نەویست بووە، بە جۆرێک ئامادە نەبووە جل و بەرگەکەی لە قوماشی نەرم بێت و زۆر جار لیباس و گۆرەوی دڕاو و کۆنی لەبەر کردووە، ئەگەرچی دیدی بەرامبەر سیاسەت بە جۆرێک بووە کە مەرجی وەگرتنی هەر فێرخوازێک لە خوێندگا و زانکۆ ئاینیەکانی ئەوە بووە کە نابێت سیاسی بێت، هەروەها لە جێگەیەکی تردا دەڵێت (ان السياسة لا قلب لها) بەڵام سەباری ئەمەش ڕێڕەوی ژیانی بە دوور نەبووە لە هەڵوێستی سیاسی، جگە لە هەڵویستە سیاسییەکانی دژ بە ڕژێمی بەعس، هەڵوێستی سیاسی خۆی دەربارەی وڵاتانی زلهێزیش نەشاردۆتەوە و بەڕوونی دژایەتی هەریەکە لە وڵاتانی (ئەمریکا و بەریتانیا و ئیسڕائیل)ی کردووە بە سێکوچکەی شوم ناوی بردوون، لە لایەکی تر هەوڵیداوە پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەورەبەر دروست بکات، لەم پێناوەدا (جەعفەر سەدر)ی وەک نوێنەری خۆی ناردووە بۆ ئێران، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە تەنیا دوای (٨) ڕۆژ لە کردنەوەی نووسیگەی نوێنەرایەتی سەدر لە ئێران لە یەلان (جەعفەر سەدر)ەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دادەخرێت، ئەمەش دەکرێت وەک سەرەتای ناکۆکی نێوان سەدرییەکان وئێران ببنین، جگە لەمانە ڕووداوێکی تر هەیە کە هەم ئاماژەیە بۆ پەیوەستی (محەمەد محەمەد سادق سەدر) بە سیاسەتەوە و هەم ئاماژەیە بۆ ناکۆکی لەگەڵ ئێران، ئەم ڕووداوەش پەیوەست بوونی هەموو ئەوانەیە کە لەو کاتەدا لە فەیلەقی بەدری باڵی سەربازی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیابوبونەوە لەوانە (ئەبو مەیسەم سادقی) بە سەدرەوە، بەو پێیەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و هەم فەیلەقی بەدر لە ئێران دامەزرا بوون و لەو وڵاتەوە نزیک بوون.
یەکێک لەو بابەتانەی کە (محەمەد محەمەد سادق سەدر) دەستی بۆ بردووە، کەم پیاوی ئاینی تر زاتی ئەوەیان کردووە دەستی بۆ ببەن، بابەتی هۆکازەکانە، لەم چوارچێوەیەدا کتێبێکی نووسیوە دەربارەیان بە ناوی (فقه العشائر) ڕەخنەی زۆری ئاراستە کردوون، چونکە بە دیدی ئەو  لە زۆر بواردا عەشایرەکان هەوڵدەدەن دژایەتی فەساد لە ڕێگەی فەسادەوە بکەن، ئەمەش ڕێگایەکی دروست نیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تاوان و خراپە و فەساد، بەڵکو لە دیدی ئەودا پێویستە خێڵەکییەکان لە ڕێگەی دادپەروەریەوە دژایەتی تاوان و خراپە و فەساد بکەن.
سەبارەت بە دوا وێستگەی ژیانی (محەمەد محەمەد سادق سەدر) بە تایبەت کردەی تیرۆکردنەکەی، پەنجەی تۆمەت بۆ چەند لایەنێک درێژ دەکرێت لەوانە:
- ئەمریکا و ئیسڕائیل بەو پێیەی (محەمەد محەمەد سادق سەدر) لە کاتی بەجێهێنانی نوێژی هەینی  زۆر جار هوتافی (كلا كلا اسرائيل و امريكا) بەرزکردۆتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە دیدی ئەو دا زۆربەی ئەو خۆراک و کەرەستانەی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرهەم دەهێنران، حەرام بوون وەک (جگەرەی ئیلات چونکە ئیسڕائیلی بوو، گۆشت، زۆربەی بەرهەمی شیرەمەنی لەوانە کرافت)
- ڕژێمی بەعس.
- هەندێک لە ئەندام و لایەنگرەکانی حەوزە دینیەکانی تر، بە تایبەت ئەوانەی لە دەرەوەی عیراق بوون.
- بەشێک لە لایەنگرەکانی لەناوخۆ، هەر ئەم هۆکارەیە وای کردووە کە موقتەدا سەدر زۆر جار خۆی دەپارێزێت لە بینینی لایەنگرەکانی خۆی.
سەبارەت بە جێگرەکانی لەدوای مردنی (محەمەد محەمەد سادق سەدر) ئاماژەی بۆ ناوی دووە کەس کردووە، کەسی یەکەم ویستویەتی وەک مەرجەع جێگەی بگرێتەوە (کازم حائری شیرازی) بووە، بەڵام بە بیانوی ئەوەی کە شیرازی ئێستا لە دەرەوەی عیراقە و ئاگاداری ژیان و گوزەرانی خەڵکی عیراق نیە، موقتەدا سەدر ئامادە نەبوو وەک مەرجەع دانی پێدابنێت، بۆ ئەم کارەشی پشتی بە وتەیەکی باوکی بەستوە کە دەڵێت: نابێت پیاوی ئاینی و سەرکردە لە ژێر ئەمر و فەرمانی هێز و کەسی دەرەکی دا بن، بەپێیەی ئێستا شیرازی لە ئێرانە، دەکرێت گومانی ئەوەی لێبکرێت کە لەژێر کاریگەری  سیاسەت و بەرژەوەندی ئەو وڵاتەدا بێت.
کەسی دووەم کە (محەمەد محەمەد سادق سەدر) پێشنیاری کردووە دوای مردنی جێگەی بگرێتەوە (شێخ محەمەد ئیسحاق فەیازە) لەبەر ئەوەی لە ئێستادا ئەم پیاوە نوێژی هەینی بە پێویست نازانێت و تەنیا وەک واجبێکی ئیختیاری لێی دەڕوانێت، لای موقتەدا سەردر و لایەنگرەکانی پەسند نیە.

246 جار خوێندراوەتەوە