پۆلیسی هەولێر: بەتۆمەتی کوشتن و ئاژاوەنانەوە خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکی دەستگیرکراون

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 05/07/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستگیرکردنی خورشید هەرکی و حەیدەر هەرکی لە قەزای خەبات ڕاگەیاند، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی پێشمەرگەیەک و هاووڵاتییەک، لەگەڵ تێکدانی سەقامگیری و هێرشکردنە سەر موڵک و ماڵی گشتی و تایبەت.

 

بەپێی بەیاننامەیەکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، پاش تۆمارکردنی چەندین سکاڵا لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەمڕۆ (5ی تەممووزی 2026) بە فەرمانی دادگا هەردوو تۆمەتبار (خورشید لەتیف) و (حەیدەر لەتیف) دەستگیرکراون. تۆمەتبارەکان لە ماوەی ڕابردوودا هۆکار بوون بۆ نانەوەی ئاژاوە، دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی گشتی و تایبەت، سووتاندنی کەلوپەلی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە و هاندانی خەڵک دژی یاسا، هەروەها ڕێگرییان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت کردووە و هەڕەشەی تێکدانی ژێرخانی ئابوورییان لە ناوچە جیاجیاکانی قەزای خەبات کردووە.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، پۆلیسی هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە سەروماڵیان پارێزراوە و جەخت دەکاتەوە؛ یاسا سەروەرە و ڕێگە بە هیچ تاوانبارێک نادرێت ئاسایش و ئارامیی وڵات تێکبدات و ئاژاوەگێڕی بکات، هەروەها لە ماوەی داهاتوودا تۆمەتباران لەسەر کۆی تاوانەکانیان دادگایی دەکرێن.

82 جار خوێندراوەتەوە