نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە هێشتا ناسکە و کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە گرنگترین دۆسیەیە کە چاوەڕێی حکومەت دەکات، ئاشکراشی دەکات کە لە یەک شەودا عێراق ڕووبەڕووی هێرشی ئەمریکا، ئیسرائیل، ئێران و گروپە چەکدارەکانیش بووەتەوە.
سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "حەدەس" ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەی گروپە چەکدارەکان بە شێوازێکی حەکیمانە و دیدگایەکی عێراقییانە چارەسەر دەکەن کە ڕێگری لە ڕشتنی خوێن بکات. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ بەتەواوی ڕەتدەکەنەوە. سەبارەت بە ڕۆڵی واشنتۆنیش وتی: "ئەمریکا هاوبەشێکی ستراتیژییە و عێراق بەپێی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی پەیوەندییەکانی دیاری دەکات، هەروەها دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، عێراق پێداویستییە ئەمنییەکانی خۆی هەڵدەسەنگێنێت."
لەبارەی پەیوەندییە هەرێمییەکانەوە، نزار ئامێدی ڕوونیکردەوە کە چارەسەری ئەو دۆسیە ئەمنییە هەڵپەسێردراوانە دەکەن کە لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیانە، لە پێشەنگیشیاندا دۆسیەی "پارتی کرێکارانی کوردستان و شنگال". لەم بارەیەوە جەختی کردەوە: "کۆتاییهێنان بە دۆسیەی پارتی کرێکارانی کوردستان پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسییە نەک تەنها سەربازی." هاوکات داواشی لە نێردە دیپلۆماسییە عەرەبییەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک کۆماری عێراق تیشکی خستە سەر پرسی گەندەڵی لە ناوخۆی وڵاتدا و ڕایگەیاند، دۆسیەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی مەترسییەکەی لە تیرۆر کەمتر نییە. دووپاتیشی کردەوە کە هیچ پاشەکشەیەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ناکەن و تا کۆتایی بەردەوام دەبن لە یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیەیە.
35 جار خوێندراوەتەوە