وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئهمڕۆ ههینی، ڕایگەیاند کە شاندێکی باڵای کۆماری عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی داهاتووی ڕێککەوتننامەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا و ئاسۆکانی هاوکاری هاوبەش لە بواری وزە و هەناردەکردنی نەوتدا، سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیای کردووە
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، شاندی فەرمی وڵاتەکە بە سەرۆکایەتی وەزارەتەکانی دەرەوە و نەوت، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ڕابردوو زنجیرەیەک دانوستان و کۆبوونەوەی تەکنیکییان لەسەر ئاستی پسپۆڕان و شارەزایان لە ئەنقەرە ئەنجامداوە. شاندە عێراقییەکە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستانی لەخۆگرتبوو، لە بەرامبەریشدا بەرپرسان و شارەزایانی وەزارەتی وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا نوێنەرایەتی لایەنی تورکیایان کردووە
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، شاندەکەی عێراق کە پێکهاتبوو لە محەمەد حوسێن بەحرولعولوم بریکاری وەزارەتی دەرەوە، نەسیر هێنداوی بریکاری وەزارەتی نەوت و ماجید لەجماوی باڵیۆزی عێراق، کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ ئەلپ ئەرسلان بەیرەقدار وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا گرێداوە. لەو دیدارەدا میکانیزمەکانی بەهێزکردنی هاوکاریی دووقۆڵی لە کەرتی وزە و دۆزینەوەی ڕێگاکانی دەستەبەرکردنی بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوت بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات، تاوتوێ کراون
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگی و ڕاوێژە تەکنیکی و یاساییەکان؛ بڕیاریشە لە قۆناغی داهاتوودا پرۆتۆکۆلێکی جێبەجێکردن واژۆ بکرێت کە بەردەوامیی هەناردەی نەوتی عێراق، بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە، گەرەنتی بکات. ئەم پرۆتۆکۆلە وەک هەنگاوێکی گواستنەوەیی و کاتی دەبێت بۆ زەمینەسازیکردن بە مەبەستی بەستنی ڕێککەوتننامەیەکی نوێی هەمیشەیی لە نێوان هەردوولادا، کە ماوەی ئامادەکردنی لە یەک ساڵ زیاتر نەبێت لە مێژووی کۆتاییهاتنی ڕێککەوتننامەی ئێستاوە
53 جار خوێندراوەتەوە