بزوتنەوەی گۆڕان: چاوەڕوانی بڕیاری کۆمسیۆنین بۆ دیاریکردنی کاتی کۆنفرانس

KNN : Kurdish News Network
04:00 - 27/12/2025
کوردستان
+
-

جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستیی دەستبەجێی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و هۆشداریش دەدات لەوەی کە چیتر نابێت بژێوی و مووچەی فەرمانبەران بکرێتە قوربانی ململانێی سیاسی و هەژموونی حزبی، بەڵکو پێویستە بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان بخرێنە سەروو هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە.


ئەمڕۆ، شەممە (٢٧ی ١٢ی ٢٠٢٥)، جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی، دواین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ساڵی (٢٠٢٥) ئەنجامدا.


سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان بە نیگەرانییەکی قووڵەوە هەڵوەستەی لەسەر تێپەڕبوونی ساڵێک و دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرد، بێ ئەوەی هەنگاوی جددی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی وزاری بنرێت. گۆڕان ئەم خەمساردییەی لایەنەکان بە نادیدەگرتنی ڕاشکاوی ئیرادەی دەنگدەران و سەرچاوەی بێمتمانەیی خەڵک دەبینێت، هاوکات هۆشداریش دەدات کە ئەم دۆخە نەک هەر شەرعییەتی دامەزراوەکان لاواز دەکات، بەڵکو قەوارەی هەرێمیش لەسەر ئاستی سیاسی ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەکاتەوە.


 لەم سۆنگەیەەوە بزوتنەوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ ڕێکخستنەوەی ناوماڵی خۆی تاوەکو بە "گوڕ و تەوژمێکی نوێوە" ڕۆڵی کاریگەر لە دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی و سەقامگیری سیاسی بگێڕێت.


لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دەستخۆشی لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە کرد کە توانیویانە لەم ساڵەدا شێوازێکی نوێی کارکردن پەیڕەو بکەن و سەرەڕای قەیرانەکان، چەندین دیدار و کۆنفرانسی گۆڕانخوازان ئەنجام بدەن. بۆ هەنگاوەکانی داهاتووش بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند؛ کە چاوەڕوانی بڕیارە یاساییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکەن بۆ بڕیاردان لەسەر بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی و دۆزینەوەی چارەسەری کاربڕ بۆ کێشە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان، بە ئاراستەی بەهێزکردنەوەی پێگەی بزوتنەوەکە لە کایەی گشتیدا.


دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان

ئەمڕۆ، شەمە (٢٧ی ١٢ی ٢٠٢٥)، جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتی، دواین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی لە ساڵی (٢٠٢٥) ئەنجامدا.

لەسەرەتای کۆبونەوەکەدا، کامیل شێخ قادر، سکرتێری جڤاتیی نیشتمانی، دەسپێکی کۆبوونەوەکەی ڕاگەیاند و ئەجێندای کار و تەوەرە سەرەکییەکانی خستەڕوو. دواتر ڕێکخەری گشتی لە وتەیەکدا تیشکی خستەسەر پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییەکانیان لەسەر پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان.

لەم سۆنگەیەوە، کۆبونەوەکە هەڵوەستەی لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە کردەوە:

یەکەم، پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا: بە پێویست زانرا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستور ڕێکبخرێنەوە. کێشە بنەڕەتیەکان بەتایبەت پرسی مادەی ١٤٠ و خاک، کەرتی وزە، سیستەمی بەرگری و بەرکەوتەی کورد لەناویاندا چارەسەری ڕیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە. لەبارەی قەیرانی دارایی و کێشەی بێ مووچەیی فەرمانبەران جەختکرایەوە لە دۆزینەوەی ڕێچارەی واقعی، بە شێوەیەک چیتر بژێوی هاونیشتمانیان نەکرێتە قوربانی ململانێی سیاسیی و زاڵکردنی هەژمونی حزبی بەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی کوردستان .

دوەم، دۆخی سیاسیی هەرێم: ساڵێک و دوو مانگە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، نادیدەگرتنی ئیرادەی دەنگدەران و خەمساردی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی وزاری مایەی ڕەخنە و بێزاریی و بێمتمانەیی فراوانیی هاوڵاتیانە لەناوخۆدا، هاوکاتیش مانای لاوازی هەرێم و ڕێزنەگرتن لە دامەزراوەکان و ڕەوایەتی سیاسییە لەسەر ئاستی قەوارە سیاسیەکە، هەربۆیە بزوتنەوەی گۆڕان لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ ڕێکخستنەوەی بونیادی سیاسەتی خۆی بە ئاراستەی بەشدار لە ژیانی سیاسی بە گڕو تەوژمێکی نوێوە، ڕۆڵی هەبێ لە دروستکردنی کۆدەنگی ناوخۆیی و سەقامگیری سیاسیی.

سێهەم، دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەکە: ڕێکخەری گشتی سوپاسی ئەندامانی جڤات، سەرپەرشتیارەکان و هەڵسوڕاوانی کرد کە سەرەڕای کێشە و قەیرانەکان، توانیویانە لەم ساڵەدا شێوازێکی نوێ لە کاری ڕێکخستنەوە بۆ ئۆرگانەکان پەیڕەو بکەن و دوو کۆنفرانس و دیداری گۆڕانخوازان ئەنجام بدەن. بۆ هەنگاوەکانی داهاتووش، بزوتنەوەکە چاوەڕوانی بڕیارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە، بۆ بڕیاردان لەسەر کۆنفرانس و چارەسەری کاربڕ بۆ کێشە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان.

سلێمانی، مەکۆی سەرەکی ٢٧ی کانویی یەکەمیی ٢٠٢٥

134 جار خوێندراوەتەوە