حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، کە 25 هاوڵاتی دەستگیرکراوی کوردیان لە لیبیاوە گەڕاندوەتەوە بۆ هەرێم.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم بڵاویکردەوە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، 7ی تشرینی دووەمی 2025، 25 هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی بە شێوەی نایاسایی ڕێگەی هەندەرانیان گرتە بەر، لە وڵاتی لیبیا دەستگیر دەکرێن، لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێكاری پێویست بۆ گەڕانەوەیان گیرایە بەر و گەیشتنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
پاش گەیشتنەوەیان بە خاكی هەرێمی كوردستان، تیمەکانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، تیمی پزیشکی و هاوکاریی، لەگەڵ ئازادکراواندا بوون و پشکنینی تەندروستی پێویستیان بۆکرا، دوای تەواوبوونی ڕێکارەکانی دڵنیابوونەوە لە سەلامەتییان، تەواوی گەنجە ئازادکراوەکان گەڕێندرانەوە ناو كەس و كاریان.
69 جار خوێندراوەتەوە