سیپان حەمۆ: حکومەتی سوریا پێی وایە یەکگرتن سڕینەوەی ناسنامەیە

KNN : Kurdish News Network
12:47 - 06/11/2025
کوردستان
+
-

فەرماندەیەکی هەسەدە دەڵێت: کورد بە تەواوەتی پابەندی ڕێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی سوریا بەڵام ئەوان بەڵێنەکانیان نابەنە سەر و پێیان وایە یەکگرتن سڕینەوەی ناسنامەیە، کورد باش دەزانێت شەڕ لەکوێ سەرهەڵدەدات و ئامادەی هەموو شتێکە.

 

هەواڵ:KNNC

سیپان حەمۆ ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هسەدە ڕایگەیاند: بەتەواوەتی پابەندن بە ڕێککەوتنی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرعی سەرۆکی سوریا، هەسەدە ئارەزوومەندانە ڕێککەوتنی کردوە و ئامانجی سەرکردایەتی بووە نەک هۆکاری دیکە هەبووبێت.

 

 

وتیشی، کورد دەیەوێت بە ئامانجەکانی خۆیەوە لە چوارچێوەی سوریادا بێت بەرپرسیارییەتی لە ئەستۆبگرێت و ببێتە بەشێک لە بەڕێوەبەریی وڵاتەکە بەپێکەوەژیان و یەکسانیی و دەستەبەری مافی هەمووانەوە، بەڵام حکومەتی سوریا بە هەڵە لەبابەتی یەکگرتن و پێکەوەیی تێگەیشتوە و وا دەزانن سڕینەوەی ناسنامە یەکگرتنە.

 

سیپان حەمۆ: ئێمە ئامادەی هەموو ئاڵنگاریی و ڕووبەڕووبوونەوەیەکین و پرسی تێکەڵبوونمان بە سوپا بەستراوەتەوە بە ئاستی دیموکراسییەت لە سوریا.

 

سیپان حەمۆ ئاماژەی بەوەشدا، کورد جوداخوازیی ناوێت و ئەوانەی ئەو بانگەشەیە دەکەن ئامانجی دیکەیان هەیە، ئەوە حکومەتی سوریایە بەبێ ڕاوێژکردن بە کورد و هەسەدە حکومەتی پێکهێنا، لە 1ی نیسان لەبارەی حەلەب ڕێککەوتین کە ئێمە بکشێینەوە و بەڕێوبەرییەکی خۆجێی بۆ ناوچەکە پێکبێت و خۆیان بپارێزن، دواتر حکومەت ڕێککەوتنی شکاند و قسەکانی وەک درۆی نیسان بوون، ئێستاش بەشێکی ڕێگەکانیان بەڕووی هاووڵاتییان داخستوە، بۆیە ئێمە مافی خۆمانە لەڕووی سەربازییەوە هەر ئامادەکاریی و چالاکییەک بکەین بۆ پاراستنی ئاساییشی خەڵکی خۆمان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فەرماندە کوردەکە وتی، کورد و هەسەدە ئەزموونیان لەگەڵ هەژمونگەرایی و شەڕ هەیە و باش دەزانن کەی و بۆ شەڕ سەرهەڵدەدات، هەمیشەش دەرگای گفتوگۆ کراوەیە، بە مەرجی مسۆگەرکردنی مافی مافی تەواوی پێکهاتەکان...

266 جار خوێندراوەتەوە