هێزەکانی شەرع 46 دروزیان لە سوەیدا گولـلە باران کردووە

KNN : Kurdish News Network
02:15 - 02/09/2025
جیهان
+
-

بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هێزەکانی ئەحمەد شەرع لە سوەیدا 46 هاوڵاتی دروزیان لە دەرەوەی دادوەری و یاسا گولـلە باران کردووە کە لە ناویاندا ژنیشی تێدایە.

هەواڵ:KNN

لە راپۆرتێكدا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بە پشتبەستن بە ڤیدیۆ و گێرانەوەی شایەتحالان، بڵاویکردووەتەوە کە 46 ژن و پیاوی دروز بە ئەنقەست و بە شێوەیەکی نایاسایی  لە لایەن هێزەکانی ئەحمەد شەرع سەرۆکی راگوزاری سوریا، گولـلە باران کراون.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە " لەسێدارەدانەکان لە دەرەوەی دادوەری لەلایەن حکومەت و بریکارەکانەوە ئەنجامدراوە کە جلوبەرگی سەربازی و ئەمنییان لەبەردا بووە، هەندێکیان نیشانەی فەرمییان لەسەر بووە".

 

هەروەها لەسێدارەدانەکان لە گۆڕەپانێکی گشتی و بینای نیشتەجێبون و قوتابخانەیەک و نەخۆشخانەیەک و هۆڵێکی مەراسیم لە پارێزگای سوەیدا ئەنجامدراون .

بە پێی راپۆرتی رێکخراوەکە 46 هاولاتی دروز بە تەقەی ئەنقەست گولـلەباران کران کە لەم ژمارە 44 پیاو و 2 ژن بوون.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند" پێویستە حکومەتی سوریا ئەندامانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی حکومەت و ئەندامانی بریکارەکانی لێپرسینەوە لە لەسێدارەدانی دەرەوەی دادوەری ژن و پیاوی دروز لە سوەیدا بکات."

لە 11 و 12ی تەموزدا گرژییەکانی باشوری سوریا لەنێوان دروزەکان و چەکدارە هۆزەکانی بەدەوی پەرەی سەند و بەهۆیەوە پێکدادانی چەکداری لێکەوتەوە. لە 15ی تەموزدا هێزەکانی حکومەت ڕایانگەیاند کە چوونەتە ناو شاری سوەیدا بۆ "گەڕاندنەوەی سەقامگیری" و قەدەغەی هاتوچۆیان راگەیاند. لە هەمان ڕۆژدا ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی سوریا ئەنجامدا و لانیکەم 15 هێزی حکومەتی سوریا کوژران.

ڕاپۆرتە نوێیەکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزەکانی حکومەت و هاوپەیمانانەوە لە سوەیدا بووە هۆی دووبارە پێکدادان لەگەڵ دروزەکان و پەرەسەندنی بەرچاوی توندوتیژی، کە بە کشانەوەی هێزەکانی حکومەت لە 16 تەموز کۆتایی هات.





826 جار خوێندراوەتەوە